خوێندکارێکی کورد لە درێژەدان بە خوێندن بێبەری کرا

14:43 - 7 رەزبەر 2718
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری جوانڕۆ، سەر بە پارێزگای کرماشان، پاش ڕاگەیاندنی پلەکەی لە تاقیکاریی کۆنکووری خوێندنی باڵا، بە بیانووی \"تەواونەبوونی دۆسییەکەی\" لەگەڵ بێبەریبوون لە خوێندن بەرەوڕوو بووەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خوێندکارێکی کورد، بە ناوی \"مەسعوود کەریمی\"، خەڵکی شاری جوانڕۆ بە پلەی ٢٠ی کارناسیی باڵا لە بەشی زانستی سیاسی، لە لایەن ڕێکخراوی \"هەڵسەنگاندن\" (سنجش) لەگەڵ \"تەواونەبوونی دۆسییەکە\" ڕووبەڕوو بووەتەوە و لە چوون بۆ زانکۆ بێبەری کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، یەک حەوتوو پێش لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی تاقیکاریی کونکووری باڵا، ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ئەم خوێندکارە کوردەی بە هۆی چالاکیی سیاسی بانگهێشت و لێپرسینەوەی لێ کردووە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: هێزە ئیتلاعاتییەکان بەم خوێندکارە کوردەیان ڕاگەیاندووە، کە بە هۆی چالاکییەکانی لەگەڵ بێبەریی لە خوێندن بەرەوڕوو دەبێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە لە درێژەدا دەڵێت: بێبەریبوونی ئەو خوێندکارە کوردە لە درێژەدان بە خوێندن، لەسەر بڕیاری ناوەندە ئیتلاعاتییەکان ڕووی داوە و ڕێکخراوی هەڵسەنگاندن ڕایگەیاندووە، کە ئەو خوێندکارە لە خوێندکارانی ئەستێرەدارە و ناتوانێت لە زانکۆ ناوی خۆی تۆمار بکات.