خوێندکارێکی کورد لە تۆمەتە‌وەپاڵدراوەکەی بێتاوان دەرچوو

17:50 - 1 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: چالاکێکی مەدەنیی خەڵکی شاری سنە و خوێندکاری قۆناغی کارناسیی باڵای زانکۆی \"خوارزمی\" شاری تاران لە تۆمەتی ‌وەپاڵدراوی بێتاوان ناسێندرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری سنە حوکمی بێتاوانیی بۆ عێرفان ساعدپەنا، خوێندکاری قۆناغی کارناسیی باڵا له ڕشتەی زانستی سیاسی لە زانکۆی \"خوارزمی\" شاری تاران دەرکرد.

بە وتەی ساعدپەنا، ئەو تۆمەتانەی کە لە ئیدارەی ئیتلاعات و دادسەرای ئینقلابی شاری سنە، وەپاڵ من درابوو، لە لایەن دادگاوە ڕەت کرایەوە.

ئەو چالاکە کوردە، لە ڕێگای پارێزەری دۆسیەکەی خۆی لە حوکمی دادگاییەکەی ئاگادار کراوەتەوە و بەرپرسانی قەزایی لە دانی حوکمی بێتاوانیی عیرفان ساعدپەنا و پارێزەری دۆسیەکەی بە هۆی \"ئەمنییەتی‌بوونی دۆسیە\"کەیەوە خۆیان بواردووە.

ڕۆژی دووشەممە ٢٨ی ڕەشەمە، ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ئەم خوێندکارە کوردەی بانگهێشت کردووە و دواتر لە لایەن هێزەکانی ئیتڵاعاتەوە دەسبەسەرکراوە و پاش ٣٣ ڕۆژ لە دەسبەسەری لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعات شاری سنە ڕۆژی یەکشەممە ٢ی مانگی بانەمەڕی ئەمساڵ ئازاد کرا.

عێرفان ساعدپەنا، یەکێک لە مامۆستایانی وانەبێژی زمانی کوردی لە شاری سنە بووە و هەتا ئێستا لەو پەیوەندییەدا، دوو بەرهەمی بە چاپ گەیاندووە.