خوێندکارێکی کورد بە ١٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا

20:55 - 29 گەلاوێژ 2717
ئاژانسی کوردپا: لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ خوێندکارێکی کوردی بە ١٨ مانگ زیندان، مەحکووم کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حەتووی ڕابردوو، لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، خوێندکارێکی کوردی بە تۆمەتی پەیوەندیی لەگەڵ حیزبە کوردییەکان بە ١٨ مانگ زیندان مەحکووم کرد.

هەواڵنێری کوردپا، لە شاری شنۆ وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەو هەواڵە شوناسی ئەو خوێندکارە کوردەی بە\"عەلی ئاراستە\" خەڵکی گوندی \"خۆرشت\"‌ـی شاری شنۆ ڕاگەیاند.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، عەلی ئاراستە لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ بە \"هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئێران تۆمەتبار کراوە.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ئەوەشی خستەڕوو، حوکمی زیندانی کردنی ئەو خوێندکارە کوردە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بە شێوەی فەرمی لە زیندان بەو خوێندکارە کوردە دراوە.

لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ، بە سەرۆکایەتی دادوەر \"چابوک\" ئەو حوکمەی بە سەر عەلی ئاراستەدا سەپاندووە.

عەلی ئاراستە بانەمەڕی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنیەتییەکانەوە لە زانکۆی پەیامی نووری شاری شنۆ دەستبەسەر کراوە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لەو بارەیەوە نوسیوویەتی: عەلی ئاراستە ڕۆژی ٥ی گەلاوێژ لەگەڵ ٣٩ زیندانیی سیاسی_مەزهەبی دیکە بۆ بەندی ١٣ ناسراو، بە بەندی زیندانیانی سیاسی گوازراونەتەوە.