خوێندکارێکی کورد بانگهێشتی حێراسەتی زانکۆی ورمێ کرا

16:30 - 17 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: گوشاری هێزە ئیتلاعاتییەکان بۆ سەر چالاکانی خوێندکاری و بڵاڤۆکە کوردییەکان چۆتە قۆناغێکی دیکەوە و لەو پەیوەندییەدا خوێندکارێکی کورد بانگهێشتی حێراسەتی زانکۆی ورمێ کرا.

بەپێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، حیراسەتی زانکۆی ورمێ خوێندکارێکی ساڵی سێیەمی رشتەی کۆمپیوتری بە ناوی \"عەلی میلانی\" بانگهێشت کرد.

ئەو خوێندکارە کوردە بە هۆی هاوکاری و دامەزراندنی ناوەندی ئەدەبیی \"ئیلام\" و ناوەندی ئەدەبی \"کورمانج\"، لەلایەن بەرپرسانی حێراسەتی ئەو زانکۆیەوە بانگهێشت کراوە.

ناوەندی ئەدەبیی ئیلام پاش ماوەیەک لەلایەن بەرپرسان و حێراسەتی زانکۆی ورمێ\"وە بەرەوڕووی ئاستەنگ و داخران بۆوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند: عەلی میلانی پێشتریش بانگهێشتی ناوەندی بەسیجی خوێندکاریی ئەو زانکۆیە کرابوو و پێیان راگەیاندبوو لە ئەگەری بەردەوامیی چالاکییەکانی، بۆ ماوەی یەک تێرم لە خوێندن و چالاکی فەرهەنگی بێبەری دەکرێت.

لە ئێستادا ناوەندی ئەدەبی – فەرهەنگیی کورمانج لە زانکۆی ورمێ، نامیلکەی فیرکاریی بە زمانی کوردی چاپ و بە ناو خوێندکارە کوردەکانی سەرجەم زانکۆکانی کوردستانی ئێراندا بڵاوی دەکاتەوە.

لەلایەکی دیکەوە و بە پێێ هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چالاکانی خوێندکاریی پارێزگای ئیلام لەمەو بەدوا بۆ دەرکردنی هەر چەشە بڵاوکراوەیەک بە زمانی کوردی، پێویستە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو پارێزگایە مۆڵەتی فەرمی وەربگرن.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە پارێزگای ئیلام وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، رایگەیاند، هەنووکە لە پارێزگای ئیلام هیچ بڵاڤۆکێک بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو ناکرێتەوە و لە هاوینی ئەمساڵدا بڵاوکراوەی \"چەرداوڵ\" تەنیا بڵاڤۆکی کوردیی زانکۆی باختەری ئیلام کە لە قۆناغی کۆتایی بڵاوبوونەوەدا بوو، لەلایەن حێراسەتی ئەو زانکۆیەوە رێگری لێکرا.

بڵاوکراوەی خوێندکاریی چەرداوڵ بە زاراوەی \"لەکی\" چاپ و بڵاو دەکرایەوە.

لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەندین چالاکی خوێندکاریی و فەرهەنگیی ناسراوی وەک: عەباس کاکایی، دیاکۆ خەیات و شاهۆ حوسێنی بە هۆی هەڕەشە و گوشاری ناوەندە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بە ناچاری وڵاتیان بەجێهێشتووە.