خوێندکارێکی کارناسی باڵای مێژوو، لە لایەن ‌‌هێزە ئەمنییەتییەکان دەسبەسەر کرا

13:26 - 14 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: لە درێژەی دەسبەسەر کردنی خوێندکارانی کورد لە شارەکانی کوردستان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، خوێندکارێکی کورد، لە قۆناغی کارناسی باڵای مێژوو، خەڵکی شاری \"دەڕشار\"ی پارێزگای ئیلام لە زانکۆی تاران دەسبەسەر کرا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژنسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی دووشەممە ١١ی بەفرانبار، هێزە ئەمنییەتییەکان لە کاتی خۆپێشاندانی شارەکانی ئێران و کوردستان خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری \"دەڕەشار\"ی پارێزگای ئیلامیان دەسبەسەر کرد.

هەواڵنێری کوردپا شوناسی ئەو خوێندکارە کوردەی بە ناوی \"ئیحسان محەممەدی\" کارناسی باڵای مێژوو لە زانکۆی تاران ڕاگەیاندووە.

\"\"
ئیحسان محەممەدی
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە ئاژانسی کوردپای ڕاگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان ئەو خوێندکارە کوردەیان بە تۆمەتی بەشداری کردن لە خۆپێشاندانەکانی ئەم چەند ڕۆژەی دواییەدا دەسبەسەر کردووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لە مەڕ چارەنووسی ئەو خوێندکارە کوردە لە بەردەستدا نییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا، لەگەڵ دەسپێکردنی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران، بە دەیان خوێندکاری خۆپیشاندەر گیراون و ڕەوانەی گرتووخانەکان کراون، کە تەنیا لە زانکۆی تاران ١٥ خوێندکار دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و لە چارەنووسی ئەوان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ڕۆژی ڕابردوو، ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، شوناسی ١٥ خوێندکاری کورد، کە لە ماوەی خۆپێشاندانەکاندا، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتی و ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون، بڵاو کردەوە.

لینکی پەیوەندیدار:
١٥ خوێندکاری زانکۆی تاران لە خۆپیشاندانەکاندا دەسبەسەر کراون