خوێندکارێکی دەستبەسەر کراو لە مەریوان، رەوانەی زیندان کرا

15:08 - 11 رەزبەر 2714
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی دەستبەسەرکراوی کورد لە شاری مەریوان، پاش ٢٠ رۆژ دەستبەسەری لە ئیدارەی ئیتلاعات، رەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فەرهاد شەفیع‌زادە، تەمەن ٢٨ ساڵ و خوێندکاری زانکۆی تەورێز، رۆژی رابردوو رێکەوتی ١٠ی رەزبەر، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەریوان گوازرایەوە.

فەرهاد شەفیع‌زادە، رێکەوتی ٢٠ی خەرمانانی ئەمساڵ لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە لە شاری مەریوان دەستبەسەر کراو ماوەی ٢٠ رۆژ لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان لەژێر لێپێچینەوەدا بووە.

\"22429.jpg\"
فەرهاد شەفیع‌زادە رەوانەی زیندانی ناوەندیی شاری مەریوان کرا
ئەو خوێندکارە کوردە، تەمەنی ٢٨ ساڵ و کوڕی محەمەد و خەڵکی گوندی (دەل)ی سەربە شاری سەوڵاوا و دانیشتووی شاری مەریوانە، کە هێزە ئیتلاعاتییەکان کاتژمێر ١١ی شەو بە تەلەفۆنی هاورێیەکی ناوبراو بانگیان کردبوویە بەر درگای ماڵی خۆیان و لەوێ دەستبەسەریان کردووە.

بە گوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئیتلاعاتییەکان رۆژی رابردوو هاوکات لەگەڵ رەوانە کردنی ئەو خوێندکارە کوردە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری مەریوان، پەروەندەکەشیان رەوانەی دادگای ئینقلابی ئەو شارە کردووە.

هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کرانی فەرهاد شەفیع‌زادە و ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دراونەتە پاڵی، بۆ بنەماڵە و کەسوکاری روون نەبۆتەوە و دادوەری لێکۆڵینەوەش بڕیاری ئازادکردنی ئەو خوێندکارە کوردەی بە دانانی بارمتە دەرنەکردووە.