خوێندکارێکی دیکەی زانکۆی "ڕازیـ"ـی کرماشان دەسبەسەر کرا

09:40 - 24 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی دیکەی زانکۆی ڕازیی کرماشان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی بەفرانبار، خوێندکارێکی زانکۆی ڕازیی کرماشان بە ناوی "ئەشکان والی ‌زادە"، لە ڕەوتی کۆبوونەوە ناڕەزایەتییەکانی خوێندکارانی زانکۆی ڕازی دەسبەسەر کرا.

"ئەشکان والی‌ زادە"، خوێندکاری مێعمارییە. ناوبراو لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەسبەسەر و هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی لەبەر دەستدا نییە.

لەو پەیوەندییەدا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی بەفرانبار، دوو خوێندکاری ناڕازیی زانکۆی ڕازیی کرماشان بە ناوەکانی "سەلاح غەریبی"، خوێندکاری دامپزیشکی و "نەبی تەڕدەست"، خوێندکاری کارناسیی باڵای کۆمەڵناسی، لە بەردەم دەرگای ئەو زانکۆیەدا دەسبەسەر کران.