خوێندکارێکی خەڵکی شاری شنۆ، پاش تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی لە زیندان ئازاد کرا

20:09 - 12 سەرماوەز 2718
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کوردی خەڵکی شاری شنۆ، پاش تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ئازاد کرا.

بە پێی هەواڵی گەیشتوو به ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ئەمڕۆ دووشەممە، ١٢ی سەرماوەزی ١٣٩٧، خوێندکارێکی کورد به ناوی \"عەلی ئاراستە\"، خەڵکی گوندی \"خورشت\" سەر بە شاری شنۆ، کە لە مانگی گوڵانی ساڵی ٩٦ەوە بە تۆمەتی \"هاوکاری کردن لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" دەستبەسەر کرابوو، پاش تەواوبوونی ماوەی حوکمەکەی لە زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ ئازاد کرا.

ئەم خوێندکارو کوردە لە زیندانی ورمێدا لە بەندی ١٢ و لە کووپەی ٥دا ڕاگیرابوو.

عەلی ئاراستە، خوێندکاری ڕشتەی مافی زانکۆی پەیام نووری شنۆ لە مانگی گوڵانی ١٣٩٦دا لەم زانکۆیەدا و لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و ڕۆژی ٢١ی پووشپەڕی هەمان ساڵ لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە گوازرابوویەوە بۆ زیندانی ناوەندیی شاری ورمێ.

گەلاوێژی ١٣٩٦، ئەم خوێندکارە کوردە لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ورمێ و بە سەرۆکایەتیی قازی \"چابۆک\"، بە تۆمەتی \"هاوکاری کردن لە گەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران\" ١٨ مانگ زیندانی بۆ برایەوە.

ناوبراو لە ماوەی تێپەڕاندنی حوکمەکەیدا لە مافی مەرەخەسی و ئازادی مەرجدار بێبەری بووە.