خوێندکارێکی بیرکاریی کورد لە شاری قەزوێن گیانی لە دەست دا

15:39 - 11 گەلاوێژ 2718
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کوردی خەڵکی ناوچەی چلچەمەی شاری دیواندەرە، لە شاری قەزوێن لە کاتی کارکردن، بە هۆی گرتنی کارەبای ژێنراتۆر گیانی لەدەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی ڕابردوو، چوارشەممە ١٠ی گەلاوێژ، خوێندکارێکی کورد، تەمەن ٢٠ ساڵ بە ناوی \"مێهرداد ئیبراهیمزادە\"، لە کاتی کارکردن لە شاری قەزوێن، کارەبا ژێنراتۆری دەیگرێت و بەو هۆیەوە گیانی لە دەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە کوردە، خوێندکاری بیرکاری بووە و بە هۆی دەستکورتی بنەماڵەکەی و بۆ یارمەتیدانی باوکی هاوینان بۆ کارکردن ڕووی لە شاری قەزوێن کردووە.

بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، تەرمی ئەو خوێندکارە کوردە، هەر لە شاری قەزوێنە و هێشتا نەیانهێناوەتەوە بۆ زێدی خۆی.

سووتان، بەربوونەوە لە بەرزایی، نەبوونی کەرەستە و کڵاوی خۆپاراستن لە هۆکارگەلی برینداریی و مردنی کرێکاران لەکاتی کار دێتە ئەژمار و ساڵانە بە هەزارن کرێکار تووشی ڕووداوی لەو چەشنە دەبن.