خوێندکاریکی کورد پاش ٦ساڵ زیندانی لە چاوەڕوانی ئێعدام دایە

20:20 - 23 رەشەمه 2718
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارێکی کورد، مەحکووم بە ئێعدام لە کاتێکدا، ٦ ساڵ لە ماوەی زیندانی بوونی خۆی تێدەپەڕێنی، لەگەڵ ئەگەری لە سیدارەدان بەرەڕوویە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، سابیر شێخ عەبدوڵلا، کوڕی مستەفا و خوێندکاری پێشووی کارناسی باڵای زانکۆی عەلامەی تەباتەبایی شاری تاران، لەگەڵ مەترسی بەڕێوەچوونی حوکمی لە سێدارەدان، لە زیندانی ناوەندی شاری ورمێ، بەرەڕوویە.

ئەو زیندانییە کوردە، لە ساڵی ٩٢ی هەتاوی، لە زیندان دایە و ساڵی ٩٦ لەگەڵ دیاکۆ ڕەسووڵزادە، دووبارە لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری ورمێ دادگایی و جارێکی دیکە بە ئێعدام مەحکووم کران.

سابیر شێخ عەبدوڵلا، حوسێن عۆسمانی و دیاکۆ ڕەسووڵزادە، مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٢ لە لایەن هێزە لیباس شەخسییەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەهابادەوە دەسبەسەر کران.

ئەو سێ هاووڵاتییە کوردە، ناوەڕاستی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ٩٣، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی شاری مەهاباد، بە سەرۆکایەتی دادوەر \"ئەحمەد جەوادی کیا\" بە تۆمەتی \"ئەنجامدانی تەقینەوە\" و \" ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران\" بە ئێعدام مەحکووم کراون.

دەزگای ئیتلاعاتی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران مانگی بانەمەڕی ساڵی ٩٣، ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی بە ئەنجامدانی تەقینەوەی کۆتایی مانگی خەرمانانی ساڵی ٨٩ی شاری مەهاباد و ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییە، تۆمەتبار کرد.

ماوەیەک پێش ئێستا یەکێک لە هاوڕێ خوێندکارەکانی سابیر شێخ عەبدوڵڵا بە هەواڵنێری کوردپای راگەیاند؛ \"دۆسیەی سابیر شێخ عەبدوڵڵا کەوتە ژێر دەستی وەزیری ئیتلاعات و راستەوخۆ بووە قوربانیی ئەو ناوەندە ئەمنییەی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، ئەوەش لە کاتێکدایە کە سابیر لەو تەقینەوەیە ئاگاداریش نەبووە\".

پێشتر، کەس و کاری ئەو سێ هاووڵاتییە کوردەی خەڵکی شاری مەهاباد رایانگەیاندووە، کە کوڕەکانیان لە ماوەی دەستبەسەریدا لە گرتنگەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، بە مەبەستی وەرگرتنی \"دانپێدانانی تەلەفزیۆنی\"، بە توندترین شێوە ئەشکەنجە کراون.