١٥ خوێندکاری زانکۆی تاران لە خۆپیشاندانەکاندا دەسبەسەر کراون

15:41 - 13 بەفرانبار 2717
کوردستان میدیا: ١٥ خوێندکاری زانکۆی تاران، لە کاتی بەشدارییان لە ناڕەزایەتییەکانی دژی گرانی و بارودۆخی نالەباری ژیان لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر کراون.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لەگەڵ دەسپێکردنی خۆپیشاندانەکانی خەڵکی ئێران، بە دەیان خوێندکاری خۆپیشاندەر گیراون و ڕەوانەی گرتووخانەکان کراون، کە تەنیا لە زانکۆی تاران ١٥ خوێندکار دەسبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزراون و لە چارەنووسی ئەوان هیچ زانیارییەک لە بەردەستدا نییە.

ناوی خوێندکارانی زانکۆی تاران، کە لە خۆپیشاندانەکاندا گیراون بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

سینا ڕەبیعی
موحسێن حەقشناس
میکائیل قولیڕاد
پدرام پەزیرە
محەممەد محەممەدیان
عەلی موزەفەری
مەهدی وەهابیسانی
سوهەیل موحدان
ئارش ئاوەری
دانیال ئیمان
ئەمیرحوسێن عەلی تەڵەب
مەجید ئەکبەری
موحسێن تەرابی
کەسرا نووری
لەیلا حوسێنزادە


هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ١٠ی بەفرانبار، خوێندکارێکی زانکۆی ورمێ، بە ناوی \"تووران مێهرەبان\" و خوێندکارێكی زانکۆی پەیام نووری سنە بە ناوی \"موحەرەم سابری\" خەڵکی بیجاڕ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات بە تۆمەتی \"بەشداری کردن لە خۆپیشاندان\" دەسبەسەر کراون.

لە پەیوەندی لەگەڵ گیرانی خوێندکاران لە خۆپیشاندانەکان، وەزیری زانست و فەناوەری ڕایگەیاندووە: کە زانیارییەکی وردیان لە بارەی خوێندکارانی دەسبەسەرکراو لە بەردەستدا نییە و هێشتا هیچ ئامارێك بە وەزارەتی زانست لەم بارەوە نەدراوە.