٤ خوێندکاری دەستبەسەر کراوی مەریوانی بۆ زیندانی ئەو شارە راگوێزران

15:51 - 10 رەشەمه 2712
ئاژانسی کوردپا: سەرلە بەیانیی ئەمڕۆ پێنج‌شەممە رێکەوتی ١٠ی رەشەممە ٤ کەس لە چالاکانی خوێندکاریی شاری مەریوان لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ زیندانی ئەو شارە راگوێزران.

هەواڵنێری ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا لەشاری مەریوانەوە وێڕای پژڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە رایگەیاند: سۆران دانشوەر، داود قەسیمی، محەممەد کۆنەپۆشی و سامان مەحمـوودی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوانەوە رەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەو شارە کران.

رێکەوتی ١٠ی رێبەندان \"داود قەسیمی\" کوڕی قادر خوێندکاری کارناسیی رشتەی کۆمەڵناسیی زانستگەی ئازادی تاران، \"سامان مەحموودی\" کوڕی حوسێن خوێندکاری کارناسیی باڵای زانستگەی ورمێ، \"سۆران دانیشوەر\" خوێندکاری رشتەی شارسازیی زانستگەی کوردستان، \"محەممەد کۆنەپۆشی\" کوڕی عەلی خوێندکاری زانستگەی ورمێ، لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کران.

هاوکات هیزە ئەمنیەکان وێڕای پشکێنینی ماڵی ئەو چالاکانە، دەستیان بەسەر و کامپیوتێر و زۆربەی کەرەسە شەخسییەکانیشیاندا گرتبوو.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە هیچکام لەو چالاکانە لەلایەن ناوەندە قەزاییەکانەوە دادگایی نەکراون و لە ماوەی ئەو ١ مانگەدا لە ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری مەریوان لە ژێر ئەشکەنجە و لێپرسینەوەدا بوون.