خوێندکارانی کورد لە سنە، چالاکییەکی بەرینی فێرکردنی زمانی کوردییان بەڕێوە برد

15:42 - 21 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەک لە خوێندکارانی کورد لە شاری سنە، بە فێرکردنی خوێندکاران، هاووڵاتییان و بازاڕیان، لە شارە جیاجیاکانی کوردستان، ٨ هەزار \"نامیلکە\"ی فێربوونی رێنووسی کوردی‌یان بڵاو کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، بە دەستپێشخەریی \"نووشین ساعید مووچشی\" خوێندکاری شیمیی لە زانستگەی سنە، لە ماوەی رابردوودا و بە شێوەیەکی خۆڕسک، لە ئاستی کوردستاندا چالاکییەکی فەرهەنگی لەمەڕ فێربوونی زمانی کوردی بەڕێوەچوو.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سنەوە رایگەیاند؛ ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی کوردستان ئەو ٨ هەزار بروشوورەیان لە زانکۆکانی هەمەدان و شارەکانی کوردستان و هەروەها لە ناو خەوتنگەی خوێندکاران، کتێبخانە، مزگەوت، قوتابخانە، دووکان و بازاڕی شارەکانی سنە، مەریوان، سەردەشت، سەقز، کامیاران، دێولان، بیجاڕدا بڵاو کردۆتەوە.

ئەو برۆشوورە، کە لەلایەن ژمارەیەک لە خوێندکارانی زانکۆی کوردستان و عەدنان بەرزەنجی، بەرپرسی ئەنستیتۆی زمانی کوردی راژەوە نووسراوەو ماجید مەردۆخ رۆحانی پیداچوونەوەی پێدا کراوە، لەلایەن هاووڵاتییان و بەتایبەت خوێندکارانی کورد و فارسی زانکۆکانەوە بە گەرمی پێشوازیی لێکراوە، کە بە گوتەی ئەو خوێندکارە کوردانە، نیشانەی ئۆگریی هاووڵاتیانی کورد بۆ فێربوون و نووسینی زمانی کوردییە.

بە گوتەی ئەو خوێندکارانە، برووشوورەکان لەسەر بنەمای زمانی ستاندارد و زاراوەی سۆرانی بوون و هۆکارەکەشیان بۆ ئەوە گەراندۆتەوە، کە ئێستا هەموو کوردێک بە ئاسانی لێی تێدەگات.

ئەو خوێندکارە کوردانەی ئەو چالاکییەیان بەڕێوە بردووە، دەڵێن؛ \"ئەگەر کەسێکی کورد نەزانێ بە زمانی کوردی قسە بکات و بنووسێ یان بخوینێتەوە، نەخوێندەوارە و باس لەوەش دەکەن، پێشوازیی خەڵک بۆ فێربوونی زمانی کوردی (٠ و ١٠٠) بووە، بە شێوەیەک کە بەشێک لە خەڵک ئەوپەڕی ئۆگریی خۆیان بۆ فێربوونی زمانی کوردی نیشان ئەدەن و بەشێکی دیکەش هیچ هەوڵێک و ئۆگرییەکیان بۆی نییە.

دەگوترێ، ئەو خوێندکارانە بەهۆی کەمیی دەرفەت و نەبوونی شوێنی تایبەت، نەیانتوانیوە خولی پەروەردەیی فێربوونی زمانی کوردی بەڕێوە بەرن، بەڵام رایانگەیاندووە لە داهاتوودا بە شێوەیەکی بەرین‌تر و بەهێزتر چالاکیی لەو شێوەیە لە ئاستی کوردستان و زانکۆکاندا بەڕێوە دەبەن.

تێچووی چاپ و بڵاو کردنەوەی سەرجەمی ئەو بروشۆرانە لە ئەستۆی ئەو خوێندکارە کوردانەی زانستگەی کوردستان بووە، بڕیارە لە داهاتووشدا کەسانی غەیرە خوێندکاریش لەو بارەیەوە هاوکاریی خویندکارانی کورد بکات.
\"24149.jpg\"

\"24150.jpg\"