خوێندکارانی کورد لە زانکۆی عەلامە: کوشتنی کۆڵبەران قەدەغە بکەن

15:10 - 3 بەفرانبار 2717
ئاژانسی کوردپا: خوێندکارانی کورد، لە زانکۆی عەلامەی تەباتەبایی شاری تاران بە نیسبەت کوشتنی کۆڵبەران لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ناڕەزایەتییان دەربڕی.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٢ی بەفرانبار، خوێندکارانی کورد، لە زانکۆی عەلامەی تەباتەبایی شاری تاران، بە بڵاوکردنەوەی پوستێر لە نێو خوێندکاراندا، تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتییان لە کۆڵبەران مەحکووم کرد.

بە وتەی ئەم خوێندکارانە، \"لە ماوەی ٩ مانگی ڕابردوودا، ٥٠ کۆڵبەر و کاسبکاری کورد گیانیان لە دەست داوە، کە لە کۆی گشتی ٢٨ کەس بە تەقەی ڕاستەوخۆی گوللەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی و ٣٢ کەسی دیکە لە کاتی هەڵگرتنی کەلوپەل یان لە بەرزایی بەربوونەتەوە، یان تووشی هەرەسی ڕنوو و یان جەڵتەی دڵ هاتوون. هەروەها ١٠٠ کۆڵبەری دیکە بریندار کراون کە ٥٣ کەسیان بە تەقەی گوللە و ئەوانی دیکە تووشی ڕووداوی دیکە هاتوون\".

ئەو خوێندکارانە دەڵێن: \"لە تەواوی ئەو کەرەستە و شتومەکانەی کە کۆڵبەران و کاسبکارانی کورد لەگەڵ خۆیان هێناویانن، تەنانەت حاڵەتیکی باری چەکوچۆڵ، ماددە تەقینەوەکان و یان ماددەی سڕکەر بەدی نەکراوە، مافی کۆڵبەر، کاری دادپەروەرانە، ئاسایش و هەمیشەیییە، نەک گوللە.