خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان، کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ئۆکراینییەکەیان مەحکووم کرد

17:19 - 23 بەفرانبار 2719

ئاژانسی کوردپا: خوێندکارانی زانکۆی پەیامی ‌نووری مەریوان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، هەوڵی سپای پاسدارانیان بۆ خستنە خوارەوەی فڕۆکەی ئوکراینی مەحکووم کرد و خوازیاری بەڕێوەچوونی دادگایی کردنی گشتیی تاوانبارانی ئەو کارەساتە دڵهەژێنە بوون.

دەقی ئەو بەیاننامەیە کە بۆ ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا نێردراوە، بەم چەشنەیە:

بەیانییەی خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان لە پەیوەندی لەگەڵ هێرشی سپای پاسداران بۆ سەر فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراین و چەواشەکارییەکانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران

خەڵکی بەشەرەفی کوردستان و ئێران!

هەر وەک ئاگادارن، لە چەند ڕۆژی ڕابردوو و ئەوەیک ە بە ''تۆڵەی قورس'' ناوبرا! فڕۆکەی موسافیربەریی ئۆکراین کە ١٧٦ کەسی تێدا بوو، لەلایەن یەکێک لە مووشەکەکانی سپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج و دوای چەند ڕۆژ نەکۆڵی کردن و چەواشەکاری لەلایەن بەرپرسانی حکوومەتی ئێران و هەروەها دەنگ و ڕەنگی درۆیینی ئەم وڵاتە، لە ئاکامدا و لەژێر گۆشاری کۆمەڵگای جیهانی، سپای پاسداران بەرپرسیاریەتیی ئەم کارەساتەی کە مەرگی ١٧٦ کەسی لێکەوتەوە وەئەستۆ گرت و وەکوو ''هەڵەی مرۆیی'' ناوی لێ برد.

ئەم کارەساتە لە خۆیدا نیشاندەری بێ کیفایەتیی بەرپرسانی بێ بەرنامەیە. ڕەنگە مانایەکی دروستتر لە وشەی ''هەڵە '' لە نێوان کاربەدەستاندا بڕەوی هەیە کە ئەویش کوشتنی بە کۆمەڵی خەڵکی بێتاوانە.

لەم نێوانەدا دەنگ و ڕەنگی حکوومەت بە خەڵکی سەلماند کە ''پەیامی میدیا''، کە خزمەت بە ڕاستییەکانە، چاوپۆشی لێکراوە و بە بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە، لە هەوڵدا بوو کە ڕای گشتی لەبارەی کەوتنەخوارەوەی ئەم فڕۆکەیە بە لاڕێدا ببات.

ئێمە خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان ئەم هەوڵەی سپای پاسداران و سەرپۆشکردنی لەلایەن چەواشەکارییەکانی دەنگ و ڕەنگی ڕێژیم مەحکووم دەکەین و داواکارییەکانی خۆمان بە شێوەی خوارەوە دەخەینە ڕوو:

١- بەڕێوەچوونی دادگایەکی گشتی بۆ بکەرانی ئەم کارەساتە ناخ هەژێنە.

٢- دەستلەکارکێشانەوە بەرپرسانی پەیوەندیدار لەم کارەساتە.

٣- دەستلەکارکێشانەوە بەرپرسی دەنگ و ڕەنگی گشتیی ئێران.

٤- بایکۆتی دەنگ و ڕەنگی ئێران لەلایەن خەڵکەوە.

٥- درێژەی خۆیشاندانەکانی خەڵک هەتا وەدیهاتنی داواکارییەکانیان.

٦- دەستێوەرنەدانی هێزە ئەمنییەکان و سەرکوتنەکردنی خەڵک.

خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان

٢٣ی بەفرانباری ٢٧١٩ی کوردی