خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان، پشتیوانییان لە کوردستانی ڕۆژئاوا کرد

17:22 - 21 رەزبەر 2719

ئاژانسی کوردپا: خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان، بۆ مەحکوومکردنی هێرشی تورکیە بۆ سەر کوردستان و پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوا، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوەبرد و بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی ڕەزبەر، کۆمەڵێك لە خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان، کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان لە زانکۆدا بەڕێوەبرد و وێڕای مەحکوومکردنی هێرشەکانی تورکیە بۆ سەر کوردستان، بۆ پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوا، بەیاننامەیەکیان بڵاو کردەوە.

دەقی بەیاننامەکە کە بۆ ئاژانسی کوردپا نێردراوە، بەم چەشنەیە:

بەیاننامەی خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان، بۆ شەرمەزارکردنی هێرشی تورکیە بۆ سەر خاکی ڕۆژئاوا.

خەڵکی مافویستی کوردستان!

ئەرتشی فاشیزم و شەڕخوازی تورکیا به ناوی ئیسلامەوە و بە مەبەستی کۆمەڵکوژیی کورد و وێرانکردنی کوردستانی ڕۆژئاوا، بە تۆپ و دەبابە و فڕۆکە، هێرشی کردووەتە سەر ڕۆژئاوا. ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە ئەردۆغان چرا سەوزی لە دەوڵەتە زلهێزەکان وەرگرتووە و تەنانەت مافی مرۆڤ و ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەنگی ناڕەزایەتییان بە کردەیی نابیسترێت و دەبێ چاوەڕوانی کۆمەڵکوژییەکی دیکە بین. بەڵام بەو جۆرە کە کۆبانێ نەڕووخا، بەدڵنیاییەوە ڕۆژئاوای کوردستانیش ناڕووخێت و ئەردۆغان لە هەمبەر کۆمەڵگای مرۆییدا سەرشۆڕ دەکاتەوە و کورد حەماسەیەکی دیکە لە هەمبەری دڕندایەتی و فاشیزمدا دەخولقێنێت.

تورکیا کە نەیتوانی بە گرووپە تیرۆریستییەکانی خۆی کوردستانی ڕۆژئاوا بخاتە مەترسییەوە، له هەنووکەدا بە ڕاشکاوانە ڕووخساری ڕاستەقینەی خۆی پیشان دەدات و بە بۆردمانکردنی شار و گوندەکانی ڕۆژئاوا و بە کوشتنی خەڵکی سڤیل و بێتاوانی ئەو دەڤەرە، ڕووخسارێکی چەپەڵتر لە هەموو کاتی بۆ خۆی ساز کردووە. بەدڵنیاییەوە ئەم هێرشە، سەرشۆڕییەکی تر بۆ تورکیە و "ئاکەپه" بەجێ دەهێڵێت؛ ڕاستە کوردیش زیان دەبینێت بەڵام سەرکەوتن هەر بۆ کوردە کە گەورەترین و کاریگەرترین هێز بووە بۆ تێکشکاندنی داعش و گرووپە تێرۆریستییەکانی دەستپەروەردەی هەندێک لە وڵاتانی دیکتاتۆری ناوچەکە.

ئێمە وەکوو خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی خۆمان بۆ ڕوودانی کارەساتێکی دیکەی مرۆیی، ئەم دەستدرێژییەی تورکیە بۆ سەر خاکی کوردستان بەتوندی مەحکووم دەکەین و خوازیاری بەدیهاتنی ئەم خاڵانەی خوارەوەین:

١- ڕاگرتنی خێرای ئەم شەڕە نابەرابەرە له لایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە کە جگە لە قەیراناویکردنی شەڕ لە ناوچەکە، هیچ دەسکەوتێکی تری نابێت.

٢- هاتنە دەنگی کۆمەڵگای جیهانی بۆ بەرنگاریکردن لە کۆمەڵکوژییەکی دیکە کە ئەم جارە بە شێوازی ڕاستەوخۆ له لایەن تورکیەوە بەڕێوە دەچێت و کورد ئامانجیەتی.

٣- ڕژانە سەر شەقامی کوردانی هەموو جیهان بۆ هاودەنگی له‌گەڵ خەڵکی سڤیلی ڕۆژئاوا، کە ئامانجی سەرەکیی ئەرتشی فاشیزمی تورکیەن.

٤-  مەحاکەمەکردنی ئەردۆغان لە لایەن ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە، کە هەموو بەڵگەکان بە ڕوونی پیشاندەری پاڵپشتیی ئەون لە تێرۆریزم.

٥- ئیدانەکردنی ئەم هێرشەی ئەردۆغان بۆ سەر خاکی ڕۆژئاوا کە دەستدرێژی نێونەتەوەیی دێتە ئەژمار، لە لایەن هەموو جیهانەوە.

خوێندکارانی زانکۆی پەیامی نووری مەریوان

٢١ی ڕەزبەری ٢٧١٩ی کوردی