خوێندكارێكی كوردی مەهابادی دەستبەسەر كرا

13:45 - 28 جۆزەردان 2712
كوردپا: خوێندكارێكی كوردی خەڵكی مەهاباد چەند رۆژ لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەوە بانگهێشت و دەستبەسەر كراوە.

دیاكۆ خەیاتی خوێندكاری كارناسیی بالا لە زانستگای تاران سێ‌ رۆژ لەمەوبەر لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بانگهێشت كراوە و لەو كاتەوە هەتا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

ماڵپەڕی \"جرس\" بڵاوی كردەوە، هۆكاری دەستبەسەر كردنی ئەو هاووڵاتییە مەهابادییە هەتا ئێستا روون نەبۆتەوە.

بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی كوردپا لە ماوەی نزیك بە 90 رۆژدا 36 هاووڵاتیی كورد لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران لەلایەن هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون.

ئەو رێژەیە بە پشت بەستن بە ئاماری تۆمار كراو لە ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە و دەكرێ‌ ئاماری راستەقینە لەوەش زیاتر بێت.