خوێندكارانی مەهابادیش رێزیان لە قوتابیانی شیناوێ‌ گرت

19:08 - 23 سەرماوەز 2712
ئاژانسی كوردپا: كۆمەڵێك لە خوێندكاران و لاوانی شاری مەهاباد لە پاركی \"شێخ شەڵتووت\"ی ئەو شارە لە كۆبوونەوەیەكدا هاودەردیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی قوتابیانی شیناوێ‌ دەربڕی.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كاتژمێر 11ی ئەمڕۆ خوێندكاران و لاوانی شاری مەهاباد بە رێكخستنی كۆبوونەوەیەك لە پاركی \"شێخ شەڵتووت\" هاودەردی و هاوخەمیی خۆیان لەگەڵ بنەماڵەی قوربانیان و بریندارانی گوندی شیناوێی پیرانشار دەربڕی.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە شاری مەهابادەوە بە هەواڵنێری كوردپای راگەیاندووە، بەشداربوان بە هەڵكردنی مۆم و هەروەها خولەكێَك بێدەنگی بۆ گیانی قوربانیانی رووداوی گوندی شیناوی رێزیان لێگرتن.

رۆژی سێشەممە كۆمەڵێك لە مامۆستایان و خەڵكی شاری مەهاباد لەبەردەم ئیدارەی پەروەدە و بارهێنانی ئەو شارە ناڕەزایەتیی خۆیان بە كەمتەرخەمیی لێپرسراوان و دامودەزگاكانی حكوومەت بە بۆنەی رووداوی قوتابخانەی گوندی شیناوێ‌ دەربڕی.