خوێندكارانی شاری بۆكان هۆشدارییان دایە ئوستانداری

16:47 - 21 خاکەلێوه 2714
ئاژانسی كوردپا: خوێندكارانی زانكۆكانی شاری بۆكان لە نامەیەكدا روو بە ئوستانداری، خوازیاری لابردنی تەنگ و چەڵەمە و هەروەها بێبەریی كردنی خوێندكاران لە خوێندن بوون.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، كۆمەڵێک لەخوێندكارانی زانكۆكانی ئازاد، پەیام نوور، عیلمی ـ كاربوردی و زانستگەی پەرەستاریی بۆكان داوكارییەكی ٣٥ خاڵیان بۆ ئوستانداری ئازەربایجانی رۆژئاوا ناردووە.

ئەو خوێندكارانە لەنامەكەیاند نووسیویانە، \" شاری بۆكان بەپێچەوانەی روانینە نەرێنیی و بە دوور لەراستییەكان، بەدەست كێشە و ئاریشەوە دەناڵێنێ‌و زۆربەی پڕۆژەكانی ئەو شارە بۆتە بەشێک لەلاپەڕەی مێژوو\".

خێرایی لە دابین كردنی ئاوی شیرینی بۆكان، دروست كردنی مووچە و مەزرای توێژینەوەیی، بە دواداچوون بۆ پرسی مەسكەنی مێهر، بایەخدان بە كرێكاران، پشتیوانی لە ناوەندەكانی خەڵک تەوەر، پەرەپێدان بە كەشوهەوای كاسبی و داهاتی رۆژانە، جێبەجێ‌كردنی گەڵاڵەی \"هادی\" لە ئاواییەكان لە داخوازی خوێندكاران بووە.

لەبەشێكی ئەو نامەیەدا هاتووە، چاوەڕوانیی ئەوەمان هەیە كە بیستنی دەنگی خوێندكاران دەستبەكار ببن و چارەنووسی فەرمانداریی شاری بۆكان روون بكەنەوە و كۆتایی بە دەسەڵاتی هێندێ‌لە بەڕێوەبەرانی شارەكە بێنن.

ئەو خوێندكارانە كە نامەیەكەیان لە راگەیەنەكان بڵاو كردۆتەوە وتوویانە، \"چاوەڕوانی وڵام و پەرچەكرداری ئوستاندار لە سایتی فەرمی ئوستاندارین\".

دانیشتوانی شاری بۆكان زیاتر لە ٢٢٥ هەزار كەس و لە بوونی فەرمانداریە تایبەت بێبەرییە.