خویندکارانی کرماشانی کەمپی پاراستنی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجەیان وەڕێخست

15:39 - 24 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: بڕیارە خوێندکارانی پارێزەری منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە لە راستای رۆژی جیهانیی شێرپەنجەی منداڵان چالاکییەک ئەنجام بدەن و مامۆستایەکیش لە ورمێ کەمپەینێکی بۆ پشتیوانی ماڵیی لە ماهان وەرێخست.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، کۆمەڵێک خوێندکاری کوردی خەڵکی کرماشان بە مەبەستی ئاگادار کردنەوە و پەی بردن و پێشگیری لە تووشبوون بە شێرپەنجە کەمپێکی ئاگادار کردنەوەیان وەڕێ خست.

ئەو کەمپە لە راستای ئاگادار لە راستای جێبەجێ بوونی دروشمی جیهانیی رۆژی شێرپەنجەی منداڵان‌دا دەستی بەچالاکی کردووە.

ئاژانسی نێونەتەوەیی لێکۆڵینەوەی شیرپەنجە، بە بەۆنەی رۆژی جیهانیی شێرپەنجە لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردەوە؛ پێشگیری و دەستنیشان‌کردنی بە وەخت، باشترین رێگە بۆ بەرنگاربوونەوەی چوونە سەرەوەی ئاماری تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە ئاستی جیهان‌دایە.

ئەو کەمپە، کە لەلایەن خویندکارانی کوردی کرماشانەوە وەڕێ خراوە، هەموو رۆژێک کاتژمێر ٤ بۆ ٨ی ئێوارێ لە کرماشان چالاکیی ئاگادار کردنەوەی بەڕێوە دەبات و سەرجەم داهاتی بەرنامەکانی ئەو کەمپە تەرخانی دەرمان کردنی منداڵانی تووشبوو بە شێرپەنجە دەکرێت.

بە پێی ئامارەکان، ئەو منداڵانەی کە تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون، ٧٠ هەتا ٨٠%یان تووشی شێرپەنجەی خوێن بوونەو بە وتەی پزیشکان ئەگەر ئەو نەخۆشییە بە زووترین کات دەستنیشان بکرێت، شیاوی چارەسەر کردن.

لەلایەکی دیکەوە، ژمارەیەک لە ژنە چالاکانی کوردی خەڵکی ئیلام و کرماشان بە یارمەتیی کۆمیسیۆنی کاروباری ژنانی کانوونی پارێزەرانی دادگوستەری و کۆمیسیۆنی مافی مرۆڤی سەربەو کانوونە، لە راستای کەمکردنەوەی شێرپەنجەی مەمک و منداڵدان، لە حەفتەی سێیەمی مانگی بەفرانباری ئەمساڵەوە لەژێر ناوی \"رووبانی پەمەیی بۆ ژنانی کورد\" دەستیان بە چالاکیی ئاگادارکردنەوە کردووە.

\"18343.jpg\"
مۆرتەزا حەیدەر مەرەنگلوو بۆ پشتیوانی لە ماهان یارمەتیی ماڵی کۆ دەکاتەوە
هەروەها مامۆستایەکی خەڵکی ورمێ، کە بە نیشانەی هاودەردی لەگەڵ ماهان سەری خۆی تاشیوە، بڕیارە کەمپەینێکی بۆ پشتیوانیی مادی لەو قوتابییە مەریوانییەی تووشبووە بە نەخۆشیی شێرپەنجە، وەرێخست.

مورتەزا حەیدەری مەرەنگلوو، کە ئەو کەمپەینەی وەڕێخستووە، لە وێبلاگەکەیدا نووسیوەیەتی: بۆ کۆکردنەوەی یارمەرتیی ماڵی بۆ دەرمان کردنی نەخۆشیی ماهان، تەنانەت ئامادەم کیسەیەک بەدەستەوە بگرم و شەقام بە شەقام بگەڕێم و پارەی بۆ کۆ بکەمەوە، هەتا بەڵکوو توانیبێتم هەنگاوێک بۆ چارەسەریی ئەو فریشتەیە هەڵبگرم.

\"18344.jpg\"
مەتین، برای مورتەزاش بۆ پشتیوانی لە ماهان سەری خۆی تاشی
بە پشت بەستن بە ئاماری رێکخراوی بێهداشتی جیهانی (WHO)، حاڵەتەکانی مردن بەهۆی تووشبوون بە شێرپەنجە لە سەرتاسەری جیهاندا ٢،٨ ملیۆن کەسە و بە پێی لێکۆڵینەوەی ئەو رێکخراوەیە، پێدەچێت ئەو ژمارەیە هەتا ٢٠ ساڵی داهاتوو، ١٣ ملیۆن زیاد بکات.

هەروەها بەپێی لێکدانەوەو پێشبینییەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی لێکۆڵینەوەی شیرپەنجە، هەتا ساڵی ٢٠٣٣ رێژەی مردنی خەڵک لە سەرەتاسەری جیهاندا بەهۆی تووشبوون بە شێرپەنجە بۆ ٢٢ ملیۆن کەس روو لە زیادبوون دەکات.