خوکوژی و گیان لەدەست دانی گوماناویی ٦ هاووڵاتی لە سێ رۆژی رابردوودا

19:42 - 5 رێبەندان 2713
ئاژانسی کوردپا: ئاماری خۆکوژیی و کوشتن بە دەستی کەسووکار لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران بەشێوەیەکی سەرسووڕهێنەر رووی لە زیادبوون کردووە و لە ماوەی ٣ رۆژی رابردوودا چەندین حاڵەتی خۆکوژی و گیان لەدەست دانی گوماناوی رووی داوە.

شەوی رابردوو رێکەوتی ٤ی رێبەندان، کچێکی تەمەن ٢٠ ساڵەی کوردی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی ناوچەی بانە بەشێوەیەکی گوماناوەی گیانی لەدەست دا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ فریشتە شەریفی، تەمەن ٢٠ ساڵ، کچی مەحموود و خەڵکی گوندی \"مەریجەڵان\"ی سەربە شاری بانە بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا و تەرمەکەی رەوانەی ساردخانەی نەخۆشخانەی \"سەلاحەدین\"ی ئەو شارە کرا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتێکدا ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە بە دەم و چاو و جەستەی فریشتەوە دیار بووە، کەسوکاری ناوبراو هۆکاری گیان لەدەست دانی کچەکەیان بۆ خۆکوژی گەڕاندۆتەوە.

سەرچاوەکە گوتیشی؛ شوێنی خنکان بە ملی فریشتەوە دیارە، ئەوەش لە حالێکدایە کە شوێنی گیان لەدەست دانی ناوبراو، کە حەمامی ماڵەکەیان بووە، کەرەسەی خۆهەڵواسینی لێ نەبووە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە پزیشکی دادوەری هۆکاری گیان لەدەست دانی فریشتە شەریفی کچی مەحموودیان رانەگەیاندووە و تەرمی ناوبراویش لە ساردخانەی نەخۆشخانەی سەلاحەدینی شاری بانە راگیراوە.

هاوکات باس لەوە دەکرێت ژنێکی دیکەی خەڵکی شاری بانە، کە دایکی منداڵێکیش بووە، بەهۆی گڕگرتنی چرای نەوتییەوە ئاگری تێبەربووە و بەهۆی قوڵیی برینەکانییەوە گیانی لەدەست داوە.

ئەو ژنە کە هەتا ئێستا ناسنامەی روون نەبۆتەوە، شەوی رابردوو، پاش ١١ رۆژ لەو رووداوە، لە نەخۆشخانەی سینا لە شاری تەورێز گیانی لەدەست دا.

لەلایەکی دیکەوەو بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانی هەوالدەریی کوردپا؛ رۆژی پێنج‌شەممە رێکەوتی ٣ی رێبەندان، ژنێکی کوردی خەڵکی شاری نەغەدە بەناوی \"کوبڕا پەنا\" بە دەستی کوڕەکەی خۆی و بە زەبری چەقۆ کوژرا.

دەگوترێت کوری ئەو ژنە تەمەنی ١٧ ساڵ بووەو هەتا ئێستاش هۆکاری کوشتنی ئەو ژنە روون نەبۆتەوە.

هەوەها بەپێی ئەو زانیارییانەی بە ئاژانسی کوردپا گەیشتوون، ژنێکی تەمەن ٥٥ ساڵەی کوردی خەڵکی شاری مەلەکشاهی لە ئوستانی ئیلام بەهۆکارێکی ناڕوون ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە و بەو هۆیەوە ٩٠%ی جەستەی تووشی سووتان بووە.

بەپێی زانیارییەکان، ئەو ژنە دەروونی هەبووەو لە کاتێکدا کەسوکاری لە ماڵەوە بوون، چۆتە حەوشە و نەوتی بەخۆیدا کردووە و ئاگری لەجەستەی خۆی بەرداوە.

ئەو ژنە تەمەن ٥٥ ساڵەیە هەنووکە لە نەخۆشخانەی تایبەت بە سووتانی شاری ئیلام لەژێر چاوەدێریی پزیشکی دایەو پزیشکانی نەخۆشخانە باری تەندروستیی ناوبراویان نالەبار راگەیاندووە.

هەروەها رۆژی هەینی رێکەوتی ٤ی رێبەندان کوڕێکی تەمەن ١٩ ساڵ و کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ لە ورمێ، کە خوشک و برای یەکتر بوون، بەهۆکارێکی ناڕوون کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوانەی کە پۆلیسی ورمێ ئەنجامی داوە، ئەو خوشک و برایە بەهۆی کێشەی بنەماڵەییەوە و لەرێگەی خۆهەڵواسینەوە هەوڵی خۆکوژییان داو و بەوهۆیەوە گیانیان لەدەست داوە.