خوسرەو کوردپوور: لەجیاتی کوشتنی کۆڵبەران، پیشە و ئەمنیەتییان بۆ دابین بکەن

14:06 - 27 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان لە هەمبەر کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، دژکردەوەی نیشان دا و \"کۆڵبەری\" بە بەرهەمی سیاسەتە هەڵاواردنییەکان دەزانێ.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خوسرەو کوردپوور، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان و چالاکی مافی مرۆڤ لە شاری مەهاباد ،لە توییتی تایبەتی خۆیدا، ناڕەزایەتی لە هەمبەر کوشتنی کۆڵبەران دەربڕی.

\"\"
خوسرەو کوردپوور چالاکی مافی مرۆڤ
ئەو چالاکە مافی مرۆییە دەنووسێت: \"کۆڵبەری بەرهەمی سیاسەتی هەڵاواردنی ئابوورییە، گەندەڵی بەربڵاوی ئابووری، کەلێنی گەورە لە نێوان هەژار_دەوڵەمەند و تێڕوانینی نابەرپرسانە و ئەمنیەتی ناوەند بە نیسبەت خەڵکی کوردستانە؛ لەجیاتی کوشتنی کۆڵبەران، پیشە و ئەمنیەتییان بۆ دابین بکەن\".

کاتژمێر ١ی نیوەشەوی ٢٦ی سەرماوەز، هێزە ئینتزامییەکان لە گوندی \"بێتووش\" سەر بە شاری سەردەشت، دەسڕێژیان لە ژمارەیەک کاسبکاری کوردی ئەو ناوچەیە کرد، کە لە ئاکامدا دوو کاسبکار گیانیان لە دەست دا.

هەواڵنێری کوردپا لە شاری سەردەشت، شوناسی ئەو دوو کاسبکارە کوردەی، بە ناوەکانی\" عوسمان ئەحمەدی\" کوڕی عەبدوڵڵا، تەمەن ٢٠ ساڵ و \"محەممەد بەهرامی\" کوڕی ڕەحمان، تەمەن ٢٢ ساڵ و خێزاندار ڕاگەیاندووە.