خوسرەو کوردپوور لە هەمبەر وەرگرتنی (سکەی زێڕ) لە دەوڵەتی ئەحمەدی‌نژاد دژکردەوەی نیشان دا

14:39 - 8 سەرماوەز 2717
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان و چالاکی مافی مرۆڤ بە نیسبەت بابەتی وەرگرتنی (سکەی زێڕ) لە دەوڵەتی ئەحمەدی‌نژاد کە بە ژمارەیەک بەرپرسانی پایەبەرز لە دەڵەوتی دەیەم پێشکەش کراوە، دژکردەوەی نیشان دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، خوسرەو کوردپوور، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵدەریی موکریان و چالاکی مافی مرۆڤ لە شاری مەهاباد، بە هێندێک لە وتەکانی مەحموود ئەحمەدی‌نژاد سەرکۆماری پێشووی ئێران و پێشکەش کردنی سکەی زێڕ بە بەرپرسانی پایەبەرز لە دەوڵەتی دەیەم دژکردەوەی نیشان دا و ڕایگەیاند: \"ئێمە شانازی دەکەین، کە نە لە سەردەمی دەسەڵاتی تۆ و نە لە سەردەمی خاتەمی نە تەنیا سکەی زێڕمان وەرنەگرتووە، بەڵکوو بە تاوانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ و زیندانی سیاسی، بە جێگای پێزانین، زیندان و دەسبەسەری نەسیبمان بوو\".

خاوەن حیسابی ناوەندی سەرکۆماری لە سەردەمی دەسەڵاتی مەحموود ئەحمەدی‌نژاد، بەڵگەی وەرگرتنی سکەی زێڕ لە کاتی گەمارۆکان لە ساڵی ٩١ بە بەرپرسانی پایەبەرزی حکوومەتی ئێران بڵاوکرایەوە کە لەگەڵ دژکردەوە توندی ئەو بەرپرسانەی کە سکەی زێڕیان وەرگرتبوو، بەرەوڕوو بوو.

خوسرەو کوردپوور، برای مەسعوود کوردپوور لە چالاکانی ناسراوی بواری ڕاگەیاندنی ئازاد لە کوردستانە؛ ئەو دوو برایە لە مانگی ڕەشەممەی ١٣٩١ی هەتاوی بە تۆمەتی\"کۆبوونەوە و تەبانی و پڕوپاگەندە دژی نیزام\" لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەسبەسەر و لە لایەن دادگای ئینقلابی شاری مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر \"جەوادی کیا\" سەرجەم بە ٩ ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری حوکم دران.