خوسرەو کوردپوور لە سانسور کردنی هەواڵەکانی مافی مرۆیی لە کوردستان ڕەخنەی گرت

13:30 - 23 خەزەڵوەر 2718
ئاژانسی کوردپا: بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان ڕەخنەی لە سانسووڕ کردنی هەواڵەکانی مافی مرۆیی لە کوردستان لە لایەن هێندێک لە میدیاکانەوە، گرت.

خوسرەو کوردپوور، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان، دژکردەوەی خۆی سەبارەت بە سانسووڕ کردنی هەواڵەکانی مافی مرۆیی لە کوردستان لە لایەن هێندێک لە میدکانەوە، دەربڕی.

ئەو ڕۆژنامەنووسە کوردە لە دژکردەوەیەکدا بە سانسووڕ کردنی هەواڵی ئێعدامی هاووڵاتییانی کورد و تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە نیزامییەکان لە کۆڵبەران لە هێندێک لە میدیا ناوخۆیی و دەرەکییەکان نووسیوویەتی: \"بیرورای گشتیی شایەتی ئەوە دەدات کە مێژوو داوەری دەکات، زەمانێک بوو کە لەوەێدا هەواڵنێرانێک، هەواڵی لە سێدارەدانی هاووڵاتییان و کوژرانی کۆڵبەرانیان سانسووڕ دەکرد\".

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ١٧ی بەفرانباری ١٣٩٦ی هەتاوی، بەڕێوەبەری ئاژانسی هەواڵی موکریان بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتیی حکوومەتی ئێران لە شاری مەهاباد بانگهێشت کرا.

خوسرەو کوردپوور وێڕای براکەی مەسعوود کوردپوور لە چالاکانی بواری میدیای ئازاد لە کوردستانن. ئەو دوو برایە ڕەشەممەی ساڵی ١٣٩١ی هەتاوی، بە تۆمەتی کۆبوونەوە و تەبانی و پڕۆپاگەندە دژی نیزام دەسبەسەر و لە دادگای ئینقلابی ئەو شارە هەر کامەیان بە ٥ ساڵ زیندان و دوورخرانەوە بۆ تەورێز و سێ ساڵ زیندانی بڕاوە مەحکووم کران.