خه‌ڵاتی ئه‌مساڵی "سیمۆن دوبووار" به‌ "مه‌لاله‌ یوسفزای" بەخشرا

03:14 - 10 بەفرانبار 2712
ئاژانسی کوردپا: خه‌ڵاتی \"سیمۆن دوبووار\" بە کچێکی تەمەن ١٥ ساڵەی پاکستانی چالاکی بواری مافەکانی منداڵان و ژنان بەخشرا.

هەواڵدەریی فەڕانسە بڵاوی کردەوە ، لێژنه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ریی خه‌ڵاتی \"سیمۆن دوبووار\"، خه‌ڵاتی ئه‌مساڵی خۆی به‌ \"مه‌لاله‌ یوسفزای\" چالاکی بواری مافه‌کانی مرۆڤ و منداڵان بەخشی.

\"مه‌لاله‌ یوسفزای\" له‌ ماوەی ٣ ساڵی رابردوودا هه‌ڵسوکه‌وتەکانی تالیبانی له‌ مه‌ڕ رێگری له‌ خوێندنی کچانی وڵاتەکەی لە ویبلاگی تایبه‌تیی خۆی دا لە قاو داوە و دواتر که‌ له‌ ماڵپه‌ڕی \"بی‌بی‌سی\" بڵاوی کردوونەتەوە.

ئەو کچە چالاکە رێکەوتی ١٨ی رەزبەری ئه‌مساڵ بەهۆی چالاکییەکانییەوە له‌ وڵاتی پاکستان که‌وته‌ به‌ر هێرشی تیرۆریستی هێزه‌کانی تالیبان و به‌ توندی بریندار کرا و هه‌نووکه‌ له‌ یه‌کێک له‌ نه‌خۆشخانه‌کانی وڵاتی بریتانیا دا لە ژێر چاوەدێریی پزیشکی دایە.

ئەو خەڵاتە له‌ ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی به‌ بۆنه‌ی سه‌ده‌مین ساڵرۆژی له‌ دایکبوونی نووسه‌ر و فمێنیستی به‌ناوبانگی فەڕانسەیی \"سیمۆن دوبووار\" بنیات نراوە و هەر ساڵەی پێشکەش بە کەس یان ناوەندێکی چالاکی داکۆکیکاری مافەکانی منداڵان و ژنان دەکرێت کە هاوشێوەی سیمۆن دوبووار چالاکییان نواندبیت.

هەروەها ساڵی ١٣٨٨ی هەتاوی که‌مپه‌ینی 1 میلیۆن واژۆ بۆ بەرابەری ژن و پیاو له‌ ئێران خەڵاتی سیمۆن دوبووار ی به‌ ده‌ست هێنابوو.