خنکانی کرێکارێکی کورد لە بەنداوی کانی سێو

14:21 - 2 پووشپەڕ 2718
ئاژانسی کوردپا: کرێکارێکی لاوی خەڵکی یەکێک لە گوندەکانی شاری پیرانشار، لە کاتی بەردانی ئاوی بەنداوی کانی سێو، گیانی لە دەست دا.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١ی پووشپەڕ، کرێکارێکی کوردی خەڵکی گوندی \"کانی ئەشکەوتـ\"ـی شاری پیرانشار، بە هۆی بەردانی ئاوی بەنداوی \"کانی سێو\"ی ئەو شارە لە ئاودا خنکا.

شوناسی ئەو کرێکارە کوردە، بە ناوی شێرکۆ (ئەحمەد) یووسفی، کوڕی موراد ڕاگەیەندراوە.

دەوترێ، شێرکۆ کرێکاری بەنداوی کانی سێوی شاری پیرانشار بووە.

هەر لەم پەیوەندییەدا، سێشەممە ٢٩ی جۆزەردان، کرێکارێکی کورد بە ناوی \"مێهدی کەریمپووری\" خەڵکی گوندی \"بڵەسەنـ\"ـی شاری بانە، لە کاتی کارکردن، بە هۆی بەربوونەوە لە بینایەکی ٧ نهۆمیدا گیانی لە دەست دا.

مردنی سەدان کرێکار لە ساڵدا بە هۆی ڕووداوەکانی کار ، لە نێوان چالاکانی مافی کرێکاریی ئێران، بە چەمکی \"مەرگی بێدەنگی کرێکاران\" ناسێنراوە.