خراپیی ڕیگەوبان لە تیکاب گیانی ٢ هاووڵاتیی ستاند

19:20 - 10 بەفرانبار 2713
ئاژانسی کوردپا: لە پێکدادانێکی هاتووچۆدا لە جاددەی نێوان تیکاب بۆ گوندی حەسەن ئاوا، ٤ هاووڵاتیی کورد کوژراو و بریندار بوون.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ‌شەممە رێکەوتی ١٠ی بەفرانبار لە ئەنجامی پێکدادانی دوو ماشێنی جۆری پژۆ و ماشێنێکی ئیدارەی ریگاو بانی شاری تیکاب، فەرهاد پووریان خەڵکی حەسەن ئاوا و کەسێکی دیکەی خەڵکی قسقاپان گیانیان لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ژن و پیاوێکی دیکەش لەو رووداوەدا بریندار بوون و بۆ چارەسەریی برینەکانیان رەوانەی یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری میاندواو کراون کە بارودۆخی تەندروستییان نالەبار راگەیاندروە.

ئەو سەرچاوەیە باسی لەوەش کرد، ئەو جاددەیە کە مەوداکەی ٥ کیلۆمیترە، ماوەی ٢ ساڵە بە مەبەستی نوێژەن کردنەوە، لەلایەن ئیدارەی رێگا و بانەوە هەڵکەندراوە، بەڵام هەتا ئێستا بە بیانووی نەبوونی بوودجە بە دەست لێ نەدراوی ماوەتەوە.

سەرچاوەکە گوتیشی، تەنیا لە ماوەی ١ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٠ رووداوی هاتووچۆ لەو جاددەیە هاتوونەتە ئاراوە کە چەندین کەس بەناوەکانی شەهاب حوسێنی، کاکەڵڵا، ئەیووب غوڵامی کوژراون و چەندین کەسی دیکەش تووشی برینداری و کەمئەندامی بوونە.