خراپبوونی دۆخی بنه‌ماڵه‌یه‌كی مانگرتووی په‌نابه‌ری كورد له‌ ئا‌نكارا

14:44 - 23 سەرماوەز 2715
ئاژانسی كوردپا: دوابه‌دوای مانگرتنی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌یه‌كی په‌نابه‌ری كورد له‌ توركیه‌، بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م چالاكه‌ سیاسییه‌ كورده‌ له‌ بارودۆخێكی زۆر خراپدان‌.

به‌پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو به‌ ئاژانسی هه‌واڵدەریی كوردپا، بنه‌ماڵه‌یه‌كی پێنج كه‌سی له‌ به‌رامبه‌ر نووسینگه‌ی كومیساریای باڵای په‌نابه‌رانی ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ ئانكارادا ده‌ستیان داوه‌ته‌ مانگرتن، كه‌ ئه‌م كاره‌ش بووه‌ته‌ هۆی نه‌خۆش كه‌وتنی دوو كه‌س له‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌كه‌.

عه‌لی سه‌یدی، په‌نابه‌ری سیاسیی خه‌ڵکی ورمێ، له‌ شه‌ش ڕۆژ پێشه‌وه‌ مانی لە خواردن گرتووه‌ و مانگرتنی بنه‌ماڵه‌كه‌شی بۆ پشتیوانیی له‌ ناوبراو، بووه‌ته‌ هۆی تێكچوون و خراپبوونی ته‌ندروستیی كچ و كوڕێكی وردیله‌ی ناوبراو.

\"29160.jpg\"
ئه‌م دوو منداڵه‌ ته‌مه‌ن ٥ ساڵان و ١٠ ساڵانه،‌ به‌ هۆی سه‌رمای چه‌ن ڕۆژی دوایی، تووشی سستی و لاواز بوونی به‌رگریی جه‌سته‏یی‌ هاتوون و له‌ بارودۆخێكی ناله‌باردان.

په‌نابه‌ری ناوبراو له‌ وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ به‌شی كوردیی ئاژانسی هه‌واڵدەریی كوردپادا ڕایگه‌یاند؛ ماوه‌ی سێ ساڵه‌ له‌ توركیه‌ نیشته‌جێیه‌، چه‌ندین جار له‌ لایه‌ن دامه‌زراوه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كانه‌وه‌ به‌ هۆی نه‌بوونی ته‌ناهی، ناچار به‌ كۆچ بۆ چه‌ندین شاری جیاوازی ئه‌م وڵاته‌ بووه‌ و ئه‌م كاره‌ش تێچوویه‌كی زۆری بۆ ناوبراو و بنه‌ماڵه‌كه‌ی به‌دواوه‌ بووه‌.

عه‌لی سه‌یدی یه‌كێك له‌ چالاكانی سیاسی و ئه‌ندامی یه‌كێك له‌ حیزبه‌كانی ئۆپۆزیسیۆنی حكوومه‌تی ئیسلامیی ئێران و خه‌ڵكی شاری ورمێ‏یه‌. ناوبراو بۆ ماوه‌ی ٥ ساڵیش له‌ هه‌ولێری پێته‌ختی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی عێراق ژیاوه‌.

به‌ وته‌ی ئه‌م په‌نابه‌ره‌ سیاسییه‌، یه‌كێك له‌ منداڵه‌كانی به‌ ناوی \"بێهنام\" له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ڕێژیمی ئێرانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كراوه‌ و ماوه‌ی ١٥ مانگ به‌ند كراوه‌ و له‌ ئه‌نجامدا به‌ بارمته‌ی ١٥٠ میلیۆنی ئازاد كراوه‌ و خۆی گەیاندۆتە بنه‌ماڵه‌كه‌ی له‌ توركیه‌.

وڵاتی توركیه،‌ یه‌كه‌م مه‌به‌ستی په‌نابه‌رانی ئێرانی، ئه‌فغانی، عێراقی، سووری و پاكستانییه‌ كه‌ له‌وێڕا به‌ره‌و وڵاتانی ئورووپایی به‌رێ ده‌كه‌ون.

به‌پێی ئاماره‌ نیمچه‌ فه‌رمییه‌كان، ١٠ هه‌زار په‌نابه‌ری ئێرانی له‌ شاره‌ جیاوازه‌كانی توركیه‌ ده‌ژین كه‌ زیاتر له‌ ٥٠٠ كه‌سیان چالاكی سیاسیی كوردن و به‌ هۆكارگه‌لی ناڕوون،‌ چه‌ندین ساڵ بۆ وه‌رگرتنی په‌نابه‌ری له‌ وڵاتێكی دیكه،‌ له‌ توركیه‌ لە چاوه‌ڕوانی‏دا ده‌مێننەوە.