خاکی هەرێمی کوردستان لەژێر تۆپبارانی ٢٤ کاتژمێریی سپا دایه

16:06 - 16 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: تۆپخانەکانی سپای پاسداران درێژە بە تۆپبارانکردنی خاکی هەرێمی کوردستان دەدات و هەتا ئیستاش بەردەوامه.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، لە ٢٤کاتژمێری ڕابردوو، سپای پاسداران تۆپبارانەکانی خاکی هەرێمی کوردستانی دەست پێکردووتەوە.

تۆپخانەکانی سپای پاسداران، لەو تۆپباران کردنەدا، ناوچەکانی سیدەکان و چۆمانی سەر بە هەرێمی کوردستان و هەروەها سنوورەکانی شاری پیرانشاری بە خەستی تۆپباران کردوە و دەیان هێکتار لە لەوەڕگەی ئەو ناوچانە لە ئاگر دا سووتاون.

لەو پەیوەندییەدا، فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاشکرای کردەوە، ئەمڕۆ هەینی ڕێکەوتی ١٦ی خەرمانانی ١٣٩٧ی هەتاوی، کاتژمێر ٤ی سەرلەبەیانی سپای پاسداران بۆ جارێکی دیکە بە تۆپ، کاتێۆشا و خومپاره ناوچە شاخاوییەکانی ڕۆژهەڵات و باشووریان بە توندی کردووەتە ئامانج.

هەر بەپێی ئەو ڕاپۆرتە تۆپخانەکانی سپای پاسدارانی ئێران لە تۆپبارانکردنی بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوامن.

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان باسی لەوەش کردووە: \"لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانانەدا زەرە و زیانێکی زۆر بەر مەزرا و مووچەی ناوچەی سیدەکان و چۆمان کەوتووە\".

فەرماندەیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئیدعای سپای پاسدارانی ڕەت کردووەتەوە و باسی لەوە کردووە: \" ئەم کردەوە دژی گەلییەی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بیانووی بوونی بنکە و بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە سنوورەکانی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستانە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە هێزی پێشمەرگە لە ناوخۆی کوردستان لە مەیداندایە؛ بەڵام ڕێژیم هێزی دژی گەلیی خۆی بەبەردەوامی لە قووڵایی خاکی باشووری کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوە بەکار هێناوە\".

ڕۆژی سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕ سپای پاسداران ناوچەکانی سیدەکان و چۆمانی تۆپباران کرد کە لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانەدا دوو پێشمەرگەی حیزب دێموکرات بە ناوەکانی \"ڕەحیم ڕۆستەم داستان\" خەڵکی مەهاباد و \"ئیدریس دەرویشی\" خەڵکی پیرانشار گیانیان لە دەست دا.