خاوەن قاوەخانەیەکی مەریوانی، نێرگەلەی نێو دووکانەیەکی کردە قوربانیی لاوان

16:02 - 6 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، کە ماوەی حەوت ساڵ بوو لە قاوەخانەکەیدا بە نێرگەلە فرۆشییەوە سەرقاڵ بوو، لە رێوڕەسمێکدا تێکڕای نێرگەلەکانی لە ئاگردا سووتاند.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، رۆژی رابردوو رێکەوتی ٥ی پووشپەڕ بە بەشداریی ژمارەیەک لە هاووڵاتییانی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، خاوەن قاوەخانەیەک لەشاری مەریوان بەناوی \"کەماڵ سەمەدی\" نێرگەلەی نێو دووکانەکەی کردە قوربانیی ساغی و سڵامەتیی لاوانی شاری مەریوان.

ئەو رێوڕەسمە، کە لەلایەن ئەنجومەنی \"ژیانەوە\"ی شاری مەریوانەوە رێکخرابوو تێیدا کەماڵ سەمەدی تێکڕای نێرگەلەی نێو دووکانەکەی لە ناو بردووە.

دەگوترێت، ئەو خاوەن قاوەخانەیە بەپێی پێشنیار و ئاگادارکردنەوەکانی ئەنجومەنی \"ژیانەوە\" لەمەر زیانەکانی نێرگەلە بۆ تەندروستیی لاوان وازی لە نێرگەلە فرۆشی هێناوەو نێرگەلەکانی سووتاندووە.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ساڵانە ٥ ملیۆن کەس بەهۆی ئاسەوارە نەرێنییەکانی نێرگەلە کێشانەوە لە هەموو جیهاندا گیانیان لەدەست ئەدەن و بەپێی ئاماری وەزارەتی بێهداشت، زیاتر لە ١٥ لەسەدی مێر منداڵانی ١٣ هەتا ١٥ ساڵ نێرگەلە دەکێشن و لە هەر ساڵێکدا ٣٥ هەزار تۆن تەماکۆ لە وڵاتی ئێران دەبێتە دووکەڵ.

بە وتەی پزیشکان، ئاسەواری نەرێنیی کێشانی هەر نێرگەلەیەک لەگەڵ زیانەکانی ٤٠ نەخ سیگار بەراورد دەکرێت، کە بەپێی دوایین ئامارەکان ٣٠ لەسەدی مردنی هاووڵاتییان بەهۆی نەخۆشیی شیرپەنجە، راستەوخۆ پەیوەندیی بە بەکارهێنانی بەرهەمەکانی دوخانیاتەوە هەیە.
\"20790.jpg\"

\"20789.jpg\"

\"20791.jpg\"

\"20792.jpg\"