خاوێن کردنەوەی ژینگەی دەوروبەری زرێبار و خەڵات کردنی دانیشتوانی گوندێکی بێ جگەرەکێش لە مەریوان+وێنە

20:01 - 18 بەفرانبار 2714
ئاژانسی کوردپا: ژمارەیەکی بەرچاو لە دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری گۆلی زرێبار، سروشت و ژینگەی دەوروبەری ئەو گۆلەیان لە زبڵ و پاشماوەی بەجێماوی گەشتیاران خاوێن کردەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ژمارەیەک لە دانیشتوانی گوندەکانی دەوروبەری گۆلی زرێبار بە هاوکاریی ئیدارەی ژینگەپارێزی و ئەنجومەنی سەوزی چیای مەریوان، بە شێوەیەکی خۆڕسک زبڵ و پاشماوەی دەوروبەری ئەو گۆلەیان کۆکردەوە.

لەو چالاکییە خۆڕسکەدا، لایەنگرانی ژینگە و هاووڵاتییانی گوندەکانی (بیلوو، یەنگیجە، کانی سانان و بەردەڕەشە) بەشدارییان کردبوو.

پاراستنی ژینگەی کوردستان و بەڕێوەچوونی چالاکیی ژینگەپارێزی وەکوو فەرهەنگێکی گشتی خەڵکی کوردستان جێگەی خۆی گرتووەو خۆی لە شەپۆلی وازهێنان لە راوکردن، شکاندنی قەفەس، ئازادکردنی کەو و باڵندە کێوییەکان و خاوێن‌کردنەوەی شوێنە گشتی‌یەکاندا بینیوەتەوە.

\"24102.jpg\"
گۆندی \"کولیت حوسێن ئاوا\"، گۆندێکی بەبێ جگەرەکێش
لەلایەکی دیکەوە، ئەنجومەنی خەڵکیی \"ژیانەوە\" کە بۆ پێشگرتن لە تووشبوون بە ماددە هۆشبەرەکان لە مەریوان چالاکی دەکات، دانیشتوانی گوندی \"کولیت حوسێن ئاوا\"ی بەهۆی نەکێشانی جگەرەوە، خەڵات کردبوو.

گوندی کولیت، بە ٢٠ ماڵ و ١١٥ کەس حەشیمەتەوە لە ١٠ کیلۆمیتریی رۆژهڵلاتی مەریوان هەڵکەوتووەو هیچکام لە دانیشتوانی ئەو گوندە جگەرەکێش نین.

لەو چاوپێکەوتنەدا، دانیشتوانی گوندی کولیت خوازیاری دابین کردنی خزمەتگوزاری و ئیمکانات بۆ گوندەکەیان بوون.

گۆلی زرێبار لە نێو خەڵکی کوردستاندا وەکوو \"نگینی کوردستان\" ناسراوەو لە ئێستادا چالاکانی ژینگەپارێزیی ئەو شارە بە شێلگیری هەوڵی رزگارکردنی گۆلی زرێبار لە مەترسیی وشکبوون ئەدەن.

\"24099.jpg\"

\"24098.jpg\"

\"24096.jpg\"

\"24100.jpg\"