خاوێن كردنەوەی سەیرانگەی \"ئاویەر\"‌ی سنە لە زبڵ و پاشماوەكان+وێنە

15:05 - 14 بانەمەڕ 2714
ئاژانسی كوردپا: سەیرانگەی كێوی ئاویەر لە شاری سنە بە بۆنەی حەفتەی پاكەوە لە زبڵ و پاشماوەی گەشتیاران خاوێن كرایەوە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی شەممە رێكەوتی ١٣‌ی بانەمەڕ هاووڵاتیانی كورد بە هاوكاریی \"كۆمەڵەی كوردستانی سەوز\" دەستیان بە كۆكردنەوەی ئاشغاڵ و پاشماوەكانی كێوی ئاویەر كرد.

ئەو چالاكییە بە شێوەی بە کۆمەڵ و لە حەفتەی پاكدا ئەنجام دراوە و ئامانجیش لەو كارە \"بردنەسەرەوەی ئاستی وشیاری و رێز گرتنی هاووڵاتیان بۆ ژینگە و سروشت\" راگەیەندراوە.

لەو هەڵمەتەدا بێجگە لە پێرسونێلی شارەوانیی شاری سنە و ئیدارەی ژینگەپارێزی، ژمارەیەک شاخەوان و خوێندكار و قوتابیش تێیدا بەشدار بوون.

كێوی ئاویەر بە یەكێک لەشوێنە گەشتیاری و دڵڕفێنەكانی شاری سنە دێتە ئەژمار و لای هاووڵاتییان بایەخ و گرینگییەكی تایبەتی هەیە.

كانی شەفا، ماماتكە، خێرزەنە، تاقەدار و ئەمیرییە لەو شوێنە گەشتیاریانەی كێوی ئاویەرن.

ئۆگری و هەوڵی هاووڵاتییانی كورد لەمەڕ پاراستنی ژینگە و بایەخی تایبەتیان ژینگەی ئاژەڵانی كوردستان لەحاڵێكدایە كە جێگری ئیدارەی ژینگەپارێزی ئوستانی كوردستان باسی لە چوونە سەری راوكردن، لەساڵی ٩٢‌دا بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ٩١ كردبوو.

تەیب مەحموودی وێڕای خستنەڕووی ئامار و داتا، رایگەیاندبوو: ١٩ جۆر گیاندار و ١٣٠ جۆر گوڵ و گیا و رووەک لەئوستانی كوردستان لە بەرەبەریی فەوتان دان.

مریشکە کێوی، هەڵۆی سەر زەرد، سەرگەڕ (كرکس)، مریچەسوورە، \"چۆلەکەی هەنجیرخۆر(پری شاهرخ)\"، كەڵ، بزنە كێوی، ورچی بۆر، زەردەقۆڕی و ژمارەیەک تۆرەمەی پشیلە وەک \"گوێ‌ڕەش و پڵینگ\" مەترسیی لەناو چوون و فەوتانیان لەئوستانی كوردستان، لەسەرە.
\"19781.jpg\"

\"19782.jpg\"

\"19783.jpg\"

\"19785.jpg\"

\"19784.jpg\"