حەیدەر قوربانی بە ١١ ساڵ زیندانی حوکم درا

12:01 - 15 جۆزەردان 2721

حەیدەر قوربانی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی شاری کامیاران لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری شەهریار، بە ١١ ساڵ زیندانی مەحکووم کرا.

دادگای شاری شەهریار ئەو چالاکە کرێکارییەی بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە دەسته، کۆمەڵ و یان لقی کۆمەڵەکان، کە لەنێوخۆدا، بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتیی ئێران دروست کراون و پڕۆپاگەندە دژی نیزام"، سەرجەم بە ١١ ساڵ زیندانی مەحکووم کردووە.

ئەو حوکمە لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، لە ڕیگای سامانەی "سەنا" بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە و هەروەها هەژماری بانکیی ئەو ئەندامەی یەکیەتیی ئازادیی کرێکارانە، داخراوە.

ڕۆژی ٢٢ی بەفرانبار ٩٩، حەیدەر قوربانی بۆ پێڕاگەیشتن بە تۆمەتە ‌وەپاڵدراوەکانی "ئەندامبوون لە دەستە، کۆمەڵ یا لقی کۆمەڵەکان، کە لەنێوخۆی ئێران بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی ئێران دروست کراوە و پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بۆ لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری شەهریار، بانگهێشت کرابوو.

مانگی خەزەڵوەری ٩٩، حەیدەر قوربانی، بانگهێشتی لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری قودس کرابو

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ ٩٩، کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی حەیدەر قوربانی لە لقی ٣ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری قودس بەڕێوە چوو.

ئەو کرێکارە بیناسازییە لە کۆبوونەوەی لێپرسینەوەدا بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی، تێکدانی نەزمی گشتیی و پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە پشتبەستن بە بەڵگەی چالاکی کرێکاری و سێنفی و ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی کرێکاران لە بەرانبەر مەجلیسدا تاوانبار کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕی ٩٩، حەیدەر قوربانی پاش ٢٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ڕابردوو، ئەوکرێکارە بیناسازییە لە ماڵەکەی خۆیدا، لە شاری تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

حەیدەر قوربانی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئیڤین دابوو.