حەیدەر قوربانی بانگهێشتی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شەهریار کرا

12:32 - 6 بەفرانبار 2720

حەیدەر قوربانی، کرێکاری بیناسازیی خەڵکی شاری کامیاران، بانگهێشتی لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری شەهریار کرا.

ئەو ئەندامەی یەکیەتیی کرێکارانی ئازادی ئێران، دەبێت ڕۆژی ٢٢ی بەفرانبار، بۆ پێڕاگەیشتن بە تۆمەتە ‌وەپاڵدراوەکانی "ئەندامبوون لە دەستە یان کۆمەڵ یا لقی کۆمەڵەکان، کە لە ناوخۆی ئێران بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی ئێران دروست کراوە و پڕۆپاگەندە دژی نیزام" لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی شاری شەهریار، ئامادە بێت.

مانگی خەزەڵوەری ئەمساڵ، حەیدەر قوربانی، بانگهێشتی لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی ٢ی شاری قودس کرابوو.

ڕۆژی یەکشەممە ٥ی گەلاوێژ، کۆبوونەوەی لێپرسینەوەی حەیدەر قوربانی لە لقی ٣ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی شاری قودس بەڕێوە چوو.

ئەو کرێکارە بیناسازییە لە کۆبوونەوەی لێپرسینەوەدا بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهی نەتەوەیی، تێکدانی نەزمی گشتیی و پڕۆپاگەندە دژی نیزام" بە پشتبەستن بە بەڵگەی چالاکی کرێکاری و سێنفی و ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەی ڕۆژی کرێکاران لە بەرانبەر مەجلیسدا تاوانبار کرابوو.

ڕۆژی سێشەممە ١٠ی پووشپەڕ، حەیدەر قوربانی پاش ٢٣ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی، بە دانانی بارمتەی ٢٥٠ ملیۆن تەمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤین ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە ١٧ی جۆزەردان، ئەوکرێکارە بیناسازییە لە ماڵەکەی خۆیدا، لە شاری تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

حەیدەر قوربانی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئیڤین دابوو.