حەوت ئەندامی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان" بە زیندان مەحکووم کران
"مەرزیە مورادوەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی، عەتائوڵڵا ڕەزا ڕەبابی، مەهدی سەیفی، فەردین ڕەحیمی، قانع خاتری و عەلی ئەڵڵاوەیسی"، لە ئەندامانی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان" لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" سەرجەم بە ١٤ ساڵ زیندان مەحکووم کران.
دادگا ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردەی بە "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران" و "پێکهێنانی کەمپەینی ژیانەوەی کوردستان" تۆمەتبار کردووە. بەپێی ئەو حوکمە داسەپاوە، "مەرزیە مورادوەیسی، سیروان عەبدوڵڵاهی، مەهدی سەیفی، فەردین ڕەحیمی، قانع خاتری و عەلی ئەڵڵاوەیسی" هەر کامیان بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراون و "عەتائوڵڵا ڕەزا ڕەبابی" بە دوو ساڵ زیندانی تەعڵیقی مەحکووم کراوە.
ئەو حوکمە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی بانەمەڕ بەو ٧ هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە.
کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتی ئەو ٧ ئەندامەی کەمپەینی "ژیانەوەی کوردستان"، ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەشەمەی ساڵی ١٤٠٠ لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بەڕێوە چووبوو.
ئەو حەوت کەسە مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش تەواوبوونی ماوەی لێپرسینەوەکەیان بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی هەتا کاتی دادگاییەکەیان ئازاد کرابوون.