حەوت کەس لە ئەندامانی سپای پاسداران بەهۆی کەوتنەخوارەوە هێلیکۆپتێرێكی شەڕکەر لە کێلەشینی شنۆ بریندار بوون

12:05 - 6 خاکەلێوه 2720

٧ کەس لە هێزەکانی ئۆپراسیۆنی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە کاتی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتێرێكی شەڕکەر لە حەوزەی قەراگایی ناوەندی "کێلەشین"ی شنۆ بریندار بوون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سێ کەس لە برینداربووەکان لەلایەن هێلیکۆپتێری مەئمووریەتی سپای پاسداران، ڕەوانەی نەخۆشخانەی "عارفیان"ـی شاری ورمێ (نەخۆشخانەی سپای پاسداران لە ناوچەی باکووری ڕۆژئاوای ئێران)، گوێزراونەتەوە و ٤ کەسەکەی دیکەش بە هێلیکۆپتێر ڕەوانەی نەخۆشخانەی عارفیان کراون.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە، دۆخی تەندروستی ئەو سێ ئەندامەی سپای پاسدارانی نالەبار ڕاگەیاند.

برینداربوونی ئەو ٧ ئەندامەی سپای پاسدارانە لە حاڵێکدایە کە پێوەندییە گشتییەکانی قەرارگای حەمزەی سپای پاسداران لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی کەوتنەخوارەوەی ئەو هێلیکۆپتێرە بڵاوی کردبووە: "لەو ڕووداوەی هێلیکۆپتێری هەوانیرووزی سپا هیچ کەس زیانی پێنەگەییشتووە".

ڕۆژی سێشەممە ٥ی خاکەلێوە،  دڕۆنێکی (پەهپاد)ئێلێکترۆنی بۆ فیلمبەرداری و وێنەهەڵگرتنەوە لەگەڵ دوو هێلیکۆپتێرێكی سپای پاسداران لە ورمێ لە کاتی هەڵسەنگاندنی دۆخی سنوورەکانی داڵامپەڕ و ناوچەکانی کێلەشین دابوونە کە یەکێک لەو دوو هێلیکۆپتێرانە کەوتووەتە خوارەوە.

ئەو مەئموورییەتە بۆ ڕاگواستنی کەلوپەلی خواردن بۆ هێزەکانی سپای پاسداران لە بەرزاییەکانی کوردستان، هەڵسەنگاندن و کۆنترۆڵی سنوورەکان، بەدەستهێنانی زانیاری لە ڕێگا دژاور و بەفراوییەکانی سەر سنوور و دروستکردنی پایگای تازە بەپێی پەسندکراوی شورای بەرگری و عەمەلیاتیی سپا لە ناوچەکەدا ئەنجام دراوە.