حەوت ژنە چالاکی سیاسی لە زیندانی ئێڤین، هاوخەمیان لەگەڵ بنەماڵەی ئێعدامکراوان دەربڕی

20:09 - 19 خەرمانان 2718
ئاژانسی کوردپا: حەوت ژنە زیندانیی سیاسی و چالاکی مەدەنیی لە زیندانی ئێڤینی شاری تاران، لە پەیامێکدا، دژکردوەیان سەبارەت بە ئێعدامی سێ زیندانیی سیاسیی کورد دەربڕی.

نەرگس محەممەدی، نەسرین ستوودە، گوڵڕوخ ئیبراهیمیی ئیرایی، مریەم ئەکبەری‌مونفەرد، ئاتنا داێمی، ئازیتا ڕەفیعزادە و نەگین قەدەمیان، حەوت ژن چالاکی سیاسی و مەدەنیی لە گرتووخانەی ئێڤینی شاری تاران، لە پەیامێکدا سەرەخۆشیی خۆیان بۆ ئێعدامی \"ڕامین حوسێن‌پەناهی\"، زانیار و لوقمان مورادی\"، دەربڕی.

ئەو حەوت ژنە زیندانییە سیاسییە لە زیندانی ئیڤین، ڕۆژی ڕابردوو \"یەکشەممە\"، لە چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەی ئێعدامکراوان بە خوێندنەوەی سروودی \"بە لالە در خون\" و \"ئەی ایران\"، هاوخەمیان لەگەڵ بنەماڵەی ئەو سێ ئێعدامکراوە دەربڕی.

ئێعدام کردنی ئەو سێ زیندانییە سیاسییە کوردە، دژکردەوەی ناوەندەکانی مافی مرۆڤی لێ کەوتووە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٧ی خەرمانان، دەزگای قەزاییی حکوومەتی ئێران، سێ زیندانیی سیاسیی کوردی، لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەج، بە تۆمەتی سیاسی ئێعدام کرد.