حەوت چالاکی فەرهەنگیی کورد لەپاوە بە زیندانی تەعزیری مەحکووم کران

19:06 - 24 سەرماوەز 2713
ئاژانسی کوردپا: دادگای ئینقلابی شاری پاوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر \"نەزەری\" حوکمی ٤٢ مانگ زیندانیی تەعزیریی بۆ حەوت هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارە بڕیەوە.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا؛ رێکەوتی ٢٢ی سەرماوەز دادگای ئینقلابی شاری پاوە حەوت هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ئەو شارەی بە پێی ماددەی ٥٠٠ لە یاسای سزادانی ئیسلامی بە تاوانی تەبلیغات بۆ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە مەحکووم کرد.

\"17409.jpg\"
ئاراس حاتەمی، گۆران بەهرامی و قانع حاتەمی لەلایەن دادگای ئینقلابی شاری \"پاوە\"وە هەرکام بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراون
ناوی ئەو حەت کەسە قانع حاتەمی، موعتەسەم شافعی، جهانبەخش ئەحمەدی، بابەک عەباسی، محەممەد نیگاری، ئاراس حاتەمی و گۆران بەهرامی راگەیەندراوە کە هەرکام بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو مەسەلەیە، هیچ بەڵگەیەک بۆ تاوانبار کردنی ئەو حەوت چالاکە کوردە لە پەروەندەکەیاندا بوونی نییە، و دادگای شاری پاوە تەنیا لەژێر فشاری \"مەلا قادر قادری\" ئەو حەوت چالاکەی بە زیندان مەحکووم کردووە.

دەگوترێت کە قانع حاتەمی و محەممەد نیگاری کارمەندی ئیدارەی کاروباری سینفیی شاری پاوە بوون کە ساڵی رابردوو پاش ئەوەی لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانەوە بەرەوڕووی دەستبەسەری بوونەوە، دەستبەجێ لەسەر کار دەرکران.

\"17412.jpg\"
دادگای ئینقلابی شاری پاوە \"موعتەسەم شافعی، جهانبەخش ئەحمەدی، بابەک عەباسی و محەممەد نیگاری\"ی هەرکام بە ٦ مانگ زیندانیی تەعزیری مەحکووم کرد
هەروەها موعتەسەم شافعی و بابەک عەباسی ماوەی ٢٠ ساڵە لە قوتابخانەکانی شاری پاوە وەکوو مامۆستا وانە دەلێنەوە، کە ئەگەری لەسەر کار دەرکرانیان بەدوور لە چاوەڕوانیی نییە.

ئەو چالاکانە لە درێژەی رەوتی دەستبەسەر کرانی چالاکانی فەرهەنگی و رۆژنامەنووسیی کورد لە ناوچە کوردنشینەکانی ئێران لە مانگی رەشەمەی ساڵی رابردوودا دەستبەسەر کران کە لە ماوەی ئەو یەک مانگەدا ٢٢ چالاکی سیاسی و فەرهەنگیی کورد لە شاری پاوە بەرەوڕووی دەستبەسەر کران بوونەوە.