حەوت هاووڵاتیی کورد بە دانانی بارمتە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کران

10:39 - 18 رەشەمه 2720

ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەشەمە، حەوت هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "شەپۆل خزری، سۆران حوسێن‌زادە، ئەفشین مام‌ئەحمەدی، سیروان نووری، فەرهاد مووساپوور، فەرەیدوون مووساپوور و بەهمەن یووسف‌زادە"، خەڵکی شارەکانی مەهاباد و سەردەشت، بە دانانی بارمتە لە زیندانی ورمێ ئازاد کران.

ڕۆژی شەممە ٢٠ی بەفرانبار، شەپۆل خزری، سۆران حوسێن‌زادە، ئەفشین مام‌ئەحمەدی و سیروان نووری، خەڵکی شاری مەهاباد، بەبێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

هاوکات لەگەڵ دەسبەسەرکرانی ئەو چوار هاووڵاتییە، فەرهاد مووساپوور لەگەڵ براکەی فەرەیدوون مووساپوور و بەهمەن یووسف‌زادە لە شاری ڕەبەتی سەردەشت، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران.

تۆمەتە وەپاڵدراوەکانی دژی ئەو حەوت هاووڵاتییە، "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران"، ڕاگەیەندراوە.

ئەو حەوت هاووڵاتییە، بۆ لێپرسینەوە ڕەوانەی گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کرابوون و ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندان، بەهمەن یووسف‌زادە و شەپۆل خزری، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزابوون.

هەروەها، ڕۆژی سێشەممە ٢١ی ڕێبەندان، سۆران حوسێن‌زادە و سیروان نووری، پاش کۆتایی لێپرسینەوەکەیان بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزرابوون.

فەرهاد مووساپوور ڕۆژی شەممە ٢ی ڕەشەمە، لە گرتنگەی ئیلاعاتی سپا لە ورمێ ڕەوانەی زیندانی ئەو شارە کرا.

ئەو هاووڵاتییە، ڕۆژی شەممە ٢٥ی ڕێبەندان، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ئەو شارە، ڕاگوێزرابوو و پاشان ڕۆژی دووشەممە ٢٧ی ڕێبەندان، بۆ لێپرسینەوە دیسانەوە گەڕێندرایەوە بۆ گرتنگەی ئیلاعاتی سپا.

هەروەها ڕۆژی سێشەممە ١٢ی ڕەشەمە، فەرەیدوون مووساپوور، بۆ بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ورمێ ڕاگوێزرا.

ڕۆژی سێشەممە ٢٨ی ڕێبەندان، ئەفشین مام‌ئەحمەدی، پاش کۆتایی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ، بۆ بەندی دابڕگەی زیندانی ئەو شارە ڕاگوێزرا.