حەوت هاووڵاتیی كورد لە روانسەر دەستبەسەر كران

14:30 - 1 سەرماوەز 2712
ئاژانسی كوردپا: لە رۆژانی رابردوودا هێزە ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری روانسەر ٧ هاووڵاتیی كوردیان دەستبەسەر كردووە.

بەپێی هەواڵی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، رۆژی پێنجشەممە رێكەوتی ٢٥ی خەزەڵوەر هێزە ئیتلاعاتییەكانی حكوومەتی ئیسلامیی ئێران لە شاری روانسەر رۆیشتوونەتە چەند ماڵێكی هاووڵاتییان و ٧ كەسیان بەناوەكانی: \"هادی ئاقایی كوڕی ئەسەدوڵڵا و تەمەن ٢٨ ساڵ، فواد ئەنگوشتان كوڕی عەلی و تەمەن ٢٨ ساڵ، عادڵ مورادی كوڕی ئەحمەد و تەمەن ٣١ ساڵ، بەخیتار نەزەری كوڕی خودامراد، غەفار پەرموور تەمان ٢٧ ساڵ، فارس ئەحمەدی كوڕی عەبدولڕەحمان تەمەن ٤٥ ساڵ و رەمەزان موزەفەری\" دەستبەسەر و رەوانەی زیندانی \"دیزڵ ئاباد\"ی كرماشان كراون.

ئەو ٧ هاووڵاتییە کوردە بە تاوانی تەبلیغ و لایەنگری لە حیزبێکی کوردیی ئوپۆزسیۆنی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران دەستبەسەر کراون.

\"9825.jpg\"
عادڵ مورادی
بەپێی ئاماری تۆمار كراو لە ناوەندی ئاماری ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، لە سەرەتای وەرزی پاییزەوە هەتا ئێستا لە ناوچە كوردنشینەكانی ئێران ٣٢ هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزە نیزامی و ئەمنیەتییەكانی حكوومەتی ئێرانەوە بە هۆكاری جۆراوجۆر دەستبەسەر كراون.

ئەو ئامارە بە پشت بەستن بە ئاماری ئاژانسی كوردپا بڵاو كراوەتەوە، بێگومان ئاماری راستەقینە لەو رێژەیەش زیاترە.