حەوت قوتابی لە پارێزگای ئیلام تووشی ویروسی کۆرۆنا بوون

12:42 - 12 رێبەندان 2720

پاش کراونەوەی قوتابخانەکان لە پارێزگاکانی ئێران، حەوت قوتابی لە شاری (بەدرە)ی ئیلام، تووشی ویروسی کۆرۆنا بوون.

پاڕێزگای ئیلام تووشبوونی ئەو حەوت قوتابییەی قوتابخانەکانی شارەی بەدرەی، پشتڕاست کردووەتەوە.

قاسم سڵێمانی دەشتەکی، لەو بارەیەوە لە وتووژێکدا لەگەڵ هەواڵدەریی (فارس) ڕای گەیاندووە: "ئەو حەوت قوتابییە تووشبووەی کۆرۆنا، لە ماوەی کەمتر لە١٠ ڕۆژدا تووشی کۆرۆنا بوون".

ئەو بەرپرسە حکوومەتییە، هەرچەند ئاماژە بە ڕەگەزی قوتابیانی تووشبووی کۆرۆنا لە شاری بەدرە نەکردووە، بەڵام ڕای گەیاندووە: "لە ئەگەری کەمتەرخەمی دەزگاکانی بەڕێوەبەری لە پاراستنی گیانی قوتابیان، بە توندترین شێوە سزا دەدرێن".

پێشتریش لە قوتابخانەکانی سنە و پیرانشار، ژمارەیەک لە مامۆستایان و قوتابییان تووشی ویروسی کۆرۆنا ببوون.