حەفتەنامەی رۆژان، هاتە ریزی چاپەمەنییەكانی ناوچە كوردنشینەكانەوە

15:28 - 23 رەشەمه 2711
كوردپا: یەكەم ژمارەی حەفتەنامەی كوردی و فارسیی رۆژان، بە خاوەن ئیمتازیی و بەرپرسایەتیی ناسر خالدیان لە شاری سنە چاپ و بڵاو كرایەوە و بەم چەشنە حەفتەنامەیەكی تر بە ریزی چاپەمەنییەكانی پارێزگای كوردستان زیاد كرا.

هەواڵدەریی كوردپرێس لە هەواڵێكدا بڵاوی كردۆتەوە، حەفتەنامەی رۆژان بە دوو زمانی كوردی و فارسی لە هەشت لاپەڕە و لە بواری كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و پرسە پێوەندیارەكانی ناوچە كوردنشینەكان لە شاری سنە چاپ و بڵاو دەبێتەوە.

بەرپرسی حەفتەنامەی رۆژان لە نووسەراوەیەكدا كەلە یەكەم ژمارەدا بڵاو كراوەتەوە، تەئكیدی كردۆتەوە كە ئەم حەفتەنامەیە زیاتر ئاوڕ لە پرسەكانی ناوچە كوردنشینەكان دەداتەوە و خۆی لە مەسەلەی دەرەوەی ئەو ناوچانە دەبوێرێت.

ناسر خالدیان یەكێك لە رۆژنامەنووسە بە ئەزموونەكانی كوردە و جیا لە بەرپرسایەتیی حەفتەنامەی رۆژان پێشتریش بەرپرسی حەفتەنامەی \"دیدگاە\" بووە و ئێستاش ئەندامی لێژنەی بەڕێوەبەریی \"خانەی چاپەمەنییەكانی پارێزگای كوردستان\"ە.

مانگی پووشپه‌ڕی ساڵی 1390ی هەتاوی لەلایەن\"لێژنەی چاوەدێریی بەسەر چاپەمەنییەكانی وڵات\"ەوە مۆڵەتی 10 بڵاڤۆكی جۆراوجۆر بە شارە جیاجیاكانی پارێزگای كوردستان درا كە هەتا ئێستا تەنیا سێ‌ بڵاڤكیان بە فەرمی دەست بەكار بوون.