حەسەن ئەمینی سەردانی بنەماڵەی ڕامین حوسێن‌پەناهی کرد

15:30 - 12 جۆزەردان 2718
ئاژانسی کوردپا: بەرپرسی شۆرای مەکتەب قورئانی کوردستان، لەگەڵ شاندێک سەردانی بنەماڵەی ڕامین حوسێن‌پەناهی زیندانیی سیاسیی کورد مەحکووم بە ئێعدامی کرد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی هەینی ١١ی جۆزەردان، حەسەن ئەمینی، بەرپرسی شۆرای مەکتەب قورئانی کوردستان، لەگەڵ ژمارەیەک لە قوتابییان و چالاکانی مەدەنی، لە گوندی \"قوڕیچییە\"ی شاری دێولان سەردانی بنەماڵەی حوسێن‌پەناهیان کرد.

لەو سەردان و چاوپێکەوتنەدا، حەسەن ئەمینی وێڕای بەداخبوونی خۆی بۆ بارودوخی پێشهاتوو، هیوادار بوو هەتا پێداچوونەوەیەکی عادڵانە بە سەر دۆسییەی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردەدا بکرێت و حوکمی ئێعدامی ڕامین هەڵبوەشێنڕێتەوە.

هەروەها، هادی ئەدەب برای بەهادین ئەدەب، ئیجلال قەوامی ڕۆژنامەنووس و چالاکی مەدەنی و دوو کەس لە قوتابیانی حەسەن ئەمینی، هاشم حوسێن‌پەناهی و عەبدوڵڵا عەباسی لەو سەرداندا، بەشدار بوون.

ڕۆژی سێشەممە ٢١ی خالەکێوە، لقی ٣٩ی دیوانی باڵای وڵات، لە شاری قوم حوکمی ئێعدامی ڕامین حوسێن‌پەناهی پشتڕاست کردەوە.

ڕامین حوسێن‌پەناهی، ڕۆژی هەینی ٢ی پووشپەڕ، لە شەڕ و تێکەڵچوونێکدا لەگەڵ هێزەکانی سپای پاسداران لە شاری سنە بە سەختی بریندار بوو و لە لایەن هێزەکانی سپاوە دەسبەسەر و پێش تەواوبوونی قۆناغی دەرمانی لە نەخۆشخانەی شاری سنە بۆ گرتووخانەی سپا گوازرایەوە.