حەسەن ئەمینی سەردانی بنەماڵەی لەسێدارەدراوانی كوردی كرد+وتوێژ

13:01 - 19 رەشەمه 2714
ئاژانسی كوردپا: مامۆستای ئایینیی كورد و یەكێك لە بەرپرسانی مەكتەب قورئانی كوردستان، سەردانی چوار بنەماڵەی لەسێدارەدراوانی زیندانی كەرەج، لە سنە و جوانڕۆی كرد.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی كوردپا، حەسەن ئەمینی حاكم شەرعی كوردستان لە پێوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ ئاژانسی كوردپا، وێڕای دەربڕینی نێگەرانی و بەداخبوونی خۆی لە ئێعدامی ٦ لاوی كوردی سوننی مەزهەب كە رێكەوتی ١٣ی رەشەمە لە زیندانی كەرەج حوكمەكەیان بەڕێوە چوو، هاودەردی و هاوخەمی خۆی بە بنەماڵەكانیان راگەیاند و ئەو رووداوی بەدوور لە چاوەڕوانی خەڵك لەقەڵەم دا.

حەسەن ئەمینی لەدرێژەدا باسی لەوە كرد، لەسێدارەدانی ٦ كەس لە هاووڵاتیانی سوننی مەزهەب بە دوور لە چاوەڕوانی ئێمە بوو، تەنانەت بیریشمان لەوە نەدەكردەوە و هەروەها لە هیچ جێگەیەكی قورئانی پیرۆزدا ئاماژە بەوە نەكراوە كە هاووڵاتیان بە هۆی بیروباوەڕی جیاوازەوە بكوژرێن یان لەسێدارە بدرێن.

\"25302.jpg\"
لەحاڵێكدا بۆ ئەو ٦ چالاكە مەزهەبییە حوكمی سێدارە بڕابوویەوە و دواتریش بەڕێوەچوو، كە لەكاتی رووداوی تیرۆرەكە، ئەوان بە تاوانێكی دیكە لەناو زینداندا لە دەستبەسەریدا بوون
ئەو كەسایەتییە ئایینی‌یە پاش سەردانەكەی كە رێكەوتنی ١٤ی رەشەمە ئەنجامی دابوو، وتی: بنەماڵەی قوربانیان ئیزنی ئەوەیان نەبووە لەرێوڕەسمی ناشتنی رۆڵەكانیاندا بەشدار بن و تەنیا یەكێک لەئەندامانی بنەماڵە بە نوێنەرایەتی بەشداری لە بەخاک سپاردنیاندا كردووە.

حەسەن ئەمینی لەدرێژەی وتووێژەی لەگەڵ ئاژانسی كوردپا جەختی لەوەش كردووە، كە دوو نامەی سەرئاوەڵەم لەپێوەندی حوكمی سێدارەكان بۆ عەلی خامنەیی و بەرپرسانی سێ‌دەزگاكەی حكوومەتی ئێران( داد، بەڕێوەبەریی و یاسادانان) ناردووە و هەروەها داواكارییەكیشم پێشكەش بە مەولەوی عەبدولحەمید كردووە. من لەو نامانەدا داوام كردبوو كە زیندانیان بكەونە بەر لێبوردن و بەداخەوە نامەكان هیچ وڵامێكیان نەبوو، سەبارەت لەسێدارەدانەكانیش ئەو چاوەڕوانییە دەكرا كە زیندانیان بکەونە بەر لێبوورین، بەڵام بەداخەوە بەشێوەیەكی نایاسایی و دوور لەچاوەڕوانی لە دادگایەكی رواڵەتیدا حوکمیان بۆ بڕایەوە و دواتریش لەسێدارە دران.

حاكمی شەرعی كوردستان دەڵێ‌: لەحاڵێكدا بۆ ئەو ٦ چالاكە مەزهەبییە حوكمی سێدارە بڕابوویەوە و دواتریش بەڕێوەچوو، كە لەكاتی رووداوی تیرۆرەكە، ئەوان بە تاوانێكی دیكە لەناو زینداندا لە دەستبەسەریدا بوون.

\"25299.jpg\"
بنەماڵەی قوربانیان ئیزنی ئەوەیان نەبووە لەرێوڕەسمی ناشتنی رۆڵەكانیاندا بەشدار بن و تەنیا یەكێک لەئەندامانی بنەماڵە بە نوێنەرایەتی بەشداری لە بەخاک سپاردنیاندا كردووە
چەند رۆِ لەمەوبەر حامید ئەحمەدی، كەماڵ مەلایی، جەهانگیر و جەمشید دهقانی، سەدیق محەممەدی و سەید هادی حوسێنی لە زیندانی كەرەج لەسێدارە دران.

لە ساڵی ١٣٩٣دا، زیندانی قزلحەساری كەرەج بە ٧٠ حاڵەتی سێدارەدان، رەجایی شاری كەرەج ٦٥ كەس، دیزل ئابادی كرماشان ٥١ كەس، زیندانی ناوەندی ورمێ‌٤٤ كەس زۆرترین رێژەی لەسێدارەدانەكانیان هەبووە.

رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لەراپۆرتی ساڵانەی خۆیدا (تایبەت بە دۆخی مافی مرۆڤ) نیگەرانی لە چوونە سەری رێژەی لەسێدارەدانەكان لە ئێران دەربڕیبوو.

سۆها. د