حەسەن شێخ ‏ئاقایی بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا

15:38 - 16 سەرماوەز 2715
ئاژانسی کوردپا: حسەن شێخ‏‌ئاقایی ڕۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری وێبسایتی \"ڕوانگە\" پاش ٢ مانگ دەستبەسەربوون، بە دانانی بارمتەی قورس لە زیندان ئازاد کرا.

بەپێی هەواڵە بڵاو کراوەکان، ڕۆژی یەکشەممە پازدەی سەرماوەز، حسەن شێخ‌‏ئاقایی ڕۆژنامەنووس و بەڕێوەبەری وێبسایتی \"ڕوانگە\"، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی، پاش ٢ مانگ دەستبەسەربوون لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا، بەڵام چالاکییەکانی وێبسایتی \"ڕوانگە\"، هێشتاش ڕاگیراوە.

حسەن شێخ‌‏ئاقایی، لە نێوەڕاستی ڕەزبەری ئەمساڵدا، لە شوێنی کارەکەی لە مەهاباد لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو.

دوو حەوتوو پێشتریش دامودەزگا ئەمنیەتیی و دادوەرییەکانی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران، بڕیاری دەستبەسەریی ئەم ڕۆژنامەنووسەیان بۆ ماوەی مانگێکی دیکەش درێژ کردەوە.

تاوانی وەپاڵ‏دراوی ئەم بەڕێوەبەرەی وێبسایتی \"ڕوانگە\"، چالاکیی تەبلیغی لە دژی نیزام ڕاگەیەندراوە کە بەپێی وتەکانی شێخ‏ئاقایی، بەپێی ڕێژەی ڕاپۆرتە درۆیین و ساختە و بێ‏بنەماکان بووە.

ماوەیەک پێش ئێستاش هەواڵنێرانی بێ‏سنوور بە نیسبەت دەستبەسەری و نادیاربوونی چارەنووسی حسەن شێخ‌‏ئاقایی نیگەرانیی خۆیان دەربڕیبوو.

ئەم ڕۆژنامەنوسە کوردە لە مانگی پووشپەڕی ساڵی ١٣٨٨دا و پاش ڕووداوەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک‏کۆماریی لەو ساڵەدا دەستبەسەر و پاش ماوەیەک ئازاد کرابوو.

لە ٢٧ی خەزەڵوەری ئەمساڵیشدا، ڕێژەیەک لە چالاکانی کورد و غەیرە کورد لە نامەیەکدا داوایان لە بەرپرسان کردبوو کە بواری \"ئازادیی حسەن شێخ‏‌ئاقایی و بەردەوامیی چالاکیی وێبسایتی ڕوانگە\" بڕەخسێنن.