حەبیبوڵڵا لەتیفی زیندانیی سیاسیی کورد لە زیندانی سنە بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی هاتە مەرەخەسی

15:51 - 25 سەرماوەز 2721

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی سەرماوەز، "حەبیبوڵڵا لەتیفی" زیندانیی سایسیی کوردی مەحکووم بە زیندانیی هەتاهەتایی، پاش ١٤ ساڵ زیندان بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە بۆ چارەسەرکردنی پزیشکی مەرەخەسیی پێ درا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، قەبووڵنەکردنی ناوەندە ئەمنییەتی و دادوەرییەکان لەگەڵ پێدانی مەرەخەسی بە ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، بووەتە هۆی زیاتر پەرەگرتنی نەخۆشیی جەستەیی ناوبراو.

ئەو سەرچاوە ئاگادارە هەروەها وتی: "پاش بەدواداچوونە بەردەوامەکانی بنەماڵە و پارێزەری ئەو زیندانییە سیاسییە، دادگای ئینقلابی سەقز پێدانی مەرەخەسی بە ناوبراوی قەبووڵ کرد".

ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ١٣٩٦، پاش نزیک بە ١٠ ساڵ زیندان، دادگای ئینقلابی سەقز دیسانەوە دۆسیەی حەبیبوڵڵا لەتیفیی پێداچوونەوە کرد و حوکمی ئێعدامی ناوبراوی بۆ "زیندانیی هەتاهەتایی" گۆڕیوە.

حەبیبوڵڵا لەتیفی ساڵی ١٣٦٠ لە سنە لەدایک بووە و سەرەتاکانی مانگی خەزەڵوەری ١٣٨٦ی هەتاوی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنە دەسبەسەر کرا و ٤ مانگی لە ژووری تاکەکەسیدا تێپەڕاندووە.

ناوبراو مانگی پووشپەڕی ١٣٨٧، لە لقی ١ی دادگای ئینقلابی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر "بابایی"، بە تۆمەتی "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی لە ڕێگەی چالاکیی خوێندکارانە ــ سیاسی"، حوکمی ئێعدامی بەسەردا سەپا.

حوکمی ئێعدامی ئەو زیندانییە سیاسییە کوردە یەکەمجار لە هاوینی ساڵی ١٣٨٧ ڕاگەیەندرابوو کە پاش ناڕەزایەتی دەربڕینی پارێزەرەکانی، دۆسیەکەی بۆ دادگای پێداچوونەوە نێردرابوو، بەڵام لە زستانی هەمان ساڵ، دادگای پێداچوونەوەش حوکمی ئێعدامەکەی پشتڕاست کردبووەوە.