حیفازەت ئیتلاعاتی شاری سەڵماس پێنج هاووڵاتی بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنیەتییە کرد

20:46 - 31 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران پێنج هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەڵماسی بانگهێشت و لێپرسینەوەی لەگەڵ کردن.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، چەند ڕۆژ پێش، ئەندامانی شوورا، دێهیار و پێشنوێژی گوندی\"دەریک\" سەر بە بەخشی کۆساری شاری سەڵماس بۆ حیفازەت ئیتلاعاتی سپای پاسداران بانگهێشت کراون.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو پێنج هاووڵاتییە بە تۆمەتی\"سیاسی\" لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە.

ئەو سەرچاوەیە شوناسی ئەو پێنج هاووڵاتییە بانگهێشت کراوەی بەم شێوە ڕاگەیاند:

جەواد بادەکان، دێهیاری گوندی دەریک
مەلا ئەسعەد عەبدوڵازادە، پێشنوێژی گوندی دەریک
فەرشاد بادەکان، ئەندامی شوورای گوندی دەریک
ئەحمەد مامەدی، ئەندامی شوورای گوندی دەریک
حوسێن لاجانی، ئەندامی شوورای گوندی دەریک
بەپێی ئەم هەواڵە بانگهێشت کردنی ئەو پێنج هاووڵاتییە کوردە بە بێ بەڵگەی قەزایی بووە و ئەم کەسانە پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کراون.

هێزە ئیتلاعاتییەکان بە نیسبەت هاوکاری ئەندامانی شوورای گوندی دەریک لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپوزسیونی حکوومەتی ئیسلامیی ئێران هوشداریان بەو پێنج هاووڵاتییە داوە.

بانگهێشت کردنی هاووڵاتییانی کورد بۆ ناوەندە ئەمنیەتییەکان بەبێ بەڵگەی قەزایی و لە ڕێگای تەلەفوون ڕوو دەدات، کە مافناسان ئەو هەوڵەی ناوەندە ئەمنیەتییەکان بە پێچەوانەی یاسا دەزانن.

مەهناز پەراکەند، پارێزەری دادگوستەری و ئەندامی کانوونی داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە وتارێکدا لە ژێرناوی \"کاتێک ئێوە بانگهێشت دەکرێن\" نووسیوویەتی: مەئموورانی ئیتلاعات ناتوانن وەکوو بەرێوەبەرانی قەزایی، بەڵگەی بانگهێشتی کەسێک وەربگرن و بەو بەڵگانە بەدوای کەسانێک دا بچن، بەڵکوو وەزارەتی ئیتلاعات بۆ ئەوە دامەزراوە چارەنووسی ئەو پرسە ڕوون بکاتەوە، وەزارەتی ئیتلاعات ئەرکدار کراوە کە بۆ ئەنجام دانی هەر جۆرە عەمەلیاتێکی بەرێوەبەری، دەبێ لە ڕێگای بەڕێوەبەرانی دادگوستەریەوە، هەوڵ بدات\".

ناوبراو هەروەها لە درێژەی وتارەکەیدا دەڵێت: بەڕێوەبەرانی دادگوستەری تەنیا لە سەر بڕیاری بەرپرسانی قەزایی وەک دۆزگەر و لێکۆڵەر دەتوانێ ئەو کارە ئەنجام بدات، واتە مەئموورانی وەزارەتی ئیتلاعات بە شێوەی ڕاستەوخۆ مافی ئەوەیان نییە، لە ڕێگای بەڕێوەبەرانی دادگوستەری کە بیانهەوێ لە عەمەلیاتێکدا، بۆ نموونە\"دەستبەسەر کردنی تاوانبار\"بەشداری بکەن.