حیفازەت ئیتلاعاتی سوپا لە بۆکان، وێنەگرێکی کوردی دەستبەسەر کرد

15:16 - 12 پووشپەڕ 2714
ئاژانسی کوردپا: وێنەگر و وەرزشکارێکی کوردی خەڵکی شاری بۆکان لە شوێنی کارەکەی لەو شارە، لەلایەن حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر کرا.

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، فاتێح خوسرەوی، کوڕی محەمەد، رۆژی سێ‌شەممە رێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ، لە دووکانی وێنەگرییەکەی لە شەقامی \"ئینقلاب\"ی شاری بۆکان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوێزراوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە شاری بۆکان، وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە بە ئاژانسی کوردپای راگەیاند؛ هێزەکانی حیفازەت ئیتلاعاتی سوپای پاسداران، دووکانی وێنەگریی (فاتێح خوسرەوی)شیان داخستووە.

گوتیشی؛ هەتا ئێستا هۆکاری دەستبەسەر کران و شوینی راگیرانی ئەو لاوە کوردە، بە کەسوکاری رانەگەیەندراوە.

بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە؛ فاتێح خوسرەوی، مانگی گەلاوێژی ساڵی ١٣٨٩ی هەتاویش، لەلایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی شاری بۆکانەوە دەستبەسەر و بۆ ماوەی ١ مانگ لە دەستبەسەریی هێزە ئیتلاعاتییەکاندا مابوویەوە، کە دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

سەرچاوەکە ئەوەشی خستە روو، فاتێح خوسرەوی ماوەی ١١ ساڵە ئەندامی تیمی والیباڵی شارستانی بۆکانەو لە چەندین یاریی تیمی میللیی ئێرانیشدا بەشداریی کردووە.

لەدرێژەی رەوتی بەردەوامی دەستبەسەركردنەكاندا، دوو هاووڵاتیی پەیڕەوی مەزهەبی سوننە لەشاری كرماشان لەلایەن هێزە ئەمنیەتیەكانەوە دەستبەسەركراون.

لەو بارەیەوە هەواڵدەریی هێرانا بڵاوی كردبۆوە، محەممەد دارابی ( موهاجێر) و وەحید دارابی( عەبدولواحید) لەیەك مانگ لەمەوبەرەوە دەستبەسەركراون و هەتا ئێستا چارەنووسیان دیار نیە.

محەممەد دارابی تەمەن ٢١ ساڵ و كوڕی ئیمام جومعەی \"بەخشی رێژاو\"‌ی كرماشانە.