حیفازەت ئیتلاعات هێرشی کردە سەر زیندانیانی ڕەجایی شاری کەرەج

21:09 - 26 پووشپەڕ 2717
ئاژانسی کوردپا: حیفازەت ئیتلاعات بە تەزووی کارەبا هێرشی کردە سەر زیندانیانی سیاسی ڕەجایی شاری کەرەج.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ڕۆژی شەممە ٤٢ی پووشپەڕ، \"یووسف مورادی\" بەرپرسی حیفازەت ئیتلاعاتی ڕەجایی شاری کەرەج لەگەڵ جێگرەکەی \"میرزایی\" و چەند کەسی لە مەئموورەکانی بەندی زیندان بە بیانووی پشکنین هێرشیان کردە سەر بەندی ٤ و ١٢ی ئەو زیندانە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو ڕووداوە لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە ئاژانسی کوردپا ڕاگەیاند: مەئموورانی زیندان لە کاتی پشکنیندا هەوڵی لێدانی ڕەسووڵ حەردانیان دا.

ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: پاش بەرگری چەند کەس لە زیندانیانی سیاسی لە ڕەسووڵ حەردانی و هەوڵدان بۆ ڕزگار کردنی ئەو زیندانییە سیاسییە لە دەست مەئموورانی زیندان، شەڕ و تێکهەڵچوون لە نێوان زیندانیان و گاردی زیندان ڕووی دا و جێگری بەرپرسی زیندان بە تەزووی کارەبا هێرشی کردە سەر زیندانیانی سیاسی.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، ئەو تێکهەڵچوونە پاش ماوەیەک کۆتایی هات و لە ئەنجامدا چەند کەسێک لە زیندان بە سەختی بریندار بوون.

لە ئێستا زیاتر لە ٥٠ زیندانی سیاسی ـ عەقیدەتی و ئەمنییەتی لە بەندی ٤ی ساڵۆنی ١٢ گەوهەردەشت دان و کە نێوانجی تەمەنیان زیاتر لە ٥٠ ساڵ و باردۆخی تەندروستیان بە هۆی هەڵسوکەوتی نەشیاو لە لایەن بەرپرسی زیندان، ڕۆژ بە دوای ڕۆژ خرابتر دەبێت.