حیسابە بانکییەکانی چالاکێکی کرێکاری داخران

12:38 - 15 رەشەمه 2719

حیسابە بانکییەکانی "کامران ساختمانگەر"، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، بە نامەی دادگاییەکانی لە تاران داخران و ڕاگیراوە.

ئەو چالاکە کرێکارییە لەو بارەیەوە وتی: "لە ماوەی ٣ مانگ دەسبەسەرکرانمدا بنەماڵەکەم لەژێر گوشاری ماڵی و ئابووریدا بوون، لە زیندان دووبارە تووشی نەخۆشیی گورچیلە بووم، بەپێی تاقیکارییەکانی بێهداری و بڕیاری پزیشکی زیندان بەهۆی ئاودزکردنی توندی گۆرچیلەکانم دەبێ لە دەرەوەی زیندان لەژێر چاوەدێریی پزیشکی شارەزا و پسپۆڕدا بم.  لەگەڵ ئازادکردنی من لە زیندان بە دانانی بارمتە لەگەڵ کێشەی ماڵی لە ماوەی دوو مانگدا، بەرەوڕوو بوومەتەوە و بە فرۆشتنی لەب‌تاب و کەرەستە کەسییەکانم بۆ دابینکردنی تێچووی پزیشکی لە تاران لەژێر چاودێریی پزیشکیدا بووم و بەردەوام لە نێوان تاران و سنە لە هاتوچۆدام".

ناوبراو لە درێژەدا زیادی کرد: "بەداخەوە لە کاتی ئەو هەموو کێشە و بێکارییە و بڵاقبوونەوەی نەخۆشیی کۆرۆنا و گرانیی تێچووی ژیان و دابینکردنی ماسک و کەرەستەی پێشگیری کە خەڵکی لە کۆمەڵگەدا ئیفیلیج کردووە، پێرێ لە ئەو پەڕی بێ ‌باوەڕی و سەرسووڕمانەوە لە ڕێگای بانکەوە ئاگادار کرامەوە کە تەواوی پارەی من و بنەماڵەکەم لەو بارودۆخە قەیراناوییەدا کە بڕی ٥ ملیۆن  و ٥٠٠ هەزار تمەن لە حیسابی کەسیی مندا بووە، بە نامەی دادگاییەکەم لە تاران  لە ڕێکەوتی ٢٧/١١/٩٨ لەسەر سیناریۆیەکی ساختە و ناڕوون و تەواو بێ ‌بنەما، داخراوە و ڕاگیراوە".

ئەو چالاکە کرێکارییە هەروەها لەسەر ئەوە پێداگری دەکات: "ئەوە لە کاتێکدایە کە من دانیشتووی سنەم و هەتا ئەم کاتە  قەرزداری کەس و یان کەسانێک، ئیدارە دەوڵەتییەکان و بانکەکان لە هیچ کوێیەکی ئێران نیم".

مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ، ئەو چالاکە کرێکارییە، لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئەو شارەوە، بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە پێنج ساڵ زیندانی و هەروەها بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" بە ساڵێک زیندانی مەحکووم کرا.

بەپێی ماددەی کۆکردنەوەی حوکمەکانی یاسای سزای ئیسلامی، ٥ ساڵ لە حوکمی ئەم چالاکە کرێکارییە جێبەجێ دەکرێت.